فەرماندەییی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، لە چەند مانگی ڕابردوودا بە سەرکەوتوویی هاوکاریی دەربازبوونی زیاتر لە یەک ملیار بەرمیل نەوتی خاوی هاوبەشەکانی کەنداوی لە گەرووی هورمز کردووە، لە کاتێکدا بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە هەناردەی نەوتی ئێران گەیشتووەتە سفر.
براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ئاشکرای کرد، لە ڕێگەی هەماهەنگیی سەربازییەوە پاراستنیان بۆ زیاتر لە 2,000 کەشتیی بازرگانی دابین کردووە و ڕێڕەوە سەرەکییەکانی کەشتیوانییان لە مین پاک کردووەتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو و کۆمپانیاکانی کەشتیوانی، قەبارەی گواستنەوەی نەوت، گازی سروشتیی شلکراو (LNG) و بارە بازرگانییەکان لە دوو هەفتەی ڕابردوودا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە شەش مانگی ڕابردوودا.
فەرماندەی سێنتکۆم جەختیشی کردەوە، لەگەڵ هاوبەشە ناوچەیییەکانیاندا ڕێکخستنەوەی بەرگریی ئاسمانییان بەهێز کردووە و یەکەیەکی نوێی هاوپەیمانییان بۆ بەرەنگاربوونەوەی درۆنی هێرشکار پێکهێناوە تاوەکو ڕێڕەوی گەرووی هورمز و ئاوەکانی دەوروبەری بە کراوەیی و سەلامەتی بمێننەوە.