ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ـی ئایاری 2026، لە پێشهاتێکی سیاسیی نوێدا، 36ـەمین دادگای هەرێمی لە ئەنقەرە بڕیارێکی وەک ڕێکاری خۆپارێزی بە کۆی دەنگ دەرکرد؛ تێیدا 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی کە لە تشرینی دووەمی 2023 بەڕێوەچوو، لەگەڵ سەرجەم کۆنگرە ئاسایی و نائاساییەکانی دوای ئەو بەروارە و کۆنگرەی لقی ئیستەنبوڵ، بە "پووچەڵ و بێکاریگەر" لەقەڵەمدا و هەڵوەشاندنەوەی ڕەهای بۆ ڕاگەیاند.
بە گوێرەی ئەم بڕیارە ، ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی ئێستای حزبەکە و تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیار، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بە شێوەیەکی کاتی لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە.
دادگا بڕیاریداوە کەمال کلچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشوو و دەستەی سەرکردایەتیی کۆنی حزبەکە بگەڕێنەوە سەر ئەرکەکانیان تا ئەو کاتەی دادگای باڵا دۆسیەکە بە تەواوی یەکلادەکاتەوە، کە لایەنەکان دەتوانن لە ماوەی دوو هەفتەدا تانەی لێبدەن.
ئەم کێشە یاساییە دوای ئەوە دێت کە داواکاریی گشتیی ئەنقەرە لەسەر سکاڵای لوتفو ساڤاش، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی هاتای و چەند ئەندامێکی دیکە دەستی بە لێکۆڵینەوە کردبوو.
سکاڵاکاران بانگەشەی ئەوەیان کردبوو کە لە پرۆسەی دەنگدانی سەرۆکی حزبەکەدا، بەشێک لە ئەندامان بە "بەرتیل"، بەشێکیان بە "هەڕەشە" و هێندێکیشیان بە بەڵێنی پێدانی پلە و پۆست دەنگیان پێدراوە و "کاری نایاسایی" ئەنجامدراوە.
لە بەرانبەردا ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا ڕایگەیاند کە بڕیارەکەی دادگا بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بێلایەنانە دەرکراوە.
ڕاستەوخۆ دوای بڕیارەکەش، سەرکردایەتیی ئێستای جەهەپە کۆبوونەوەیەکی نائاساییان ئەنجامداو بە دروشمی "بارەگای گشتی چۆڵ ناکەین" داوای گردبوونەوەی ملیۆنییان لە لایەنگرانیان کرد لەبەردەم بارەگای سەرەکی پارتەکەیان.
لێکەوتەکانی ئەم بڕیارە بە خێرایی سێکتەری ئابووریی تورکیای گرتەوە؛ بەجۆرێک ڕاستەوخۆ دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، "پێنوێنی BIST 100"ی بۆرسەی ئیستەنبوڵ دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و زیاتر لە 6% دابەزی، ئەمەش وایکرد بەرپرسانی بۆرسەکە مامەڵە داراییەکان بە شێوەیەکی کاتی ڕابگرن.