فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، لە سەرەتای دەستپێکردنی سزادان و گەمارۆ دەریاییەکانیان لە ناوچەی باشووری ئێران و ئاوەکانی کەنداو، هێزەکانیان توانیویانە ڕێگری لە 94 کەشتیی بازرگانی بکەن و ناچاریان بکەن ڕێڕەوی گەشتە دەریاوانییەکانیان بۆ ناوچەکانی دیکە بگۆڕن.
سێنتکۆم لە ڕوونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی واشنتن و جێبەجێکردنی ڕێوشوێنە توندەکانی سنووردارکردنی هاتوچۆی دەریایی و بازرگانین بۆ سەرجەم بەندەرە سەرەکییەکانی ئێران بە مەبەستی وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی تاران.
هاوکات ئەوەشی خستووەتەڕوو کە هێزەکانی ئەمریکا لە میانی ئەو ئۆپەراسیۆنە چڕانەی لە ناوچەکەدا بەڕێوەیان بردووە، توانیویانە چوار کەشتیی دیکە بە تەواوی پەکبخەن.
ئەمەش وەک ئاماژەیەکی ڕوون بۆ چڕکردنەوەی فشارە سەربازی و دەریاییەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران و توندکردنی کۆنترۆڵی ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.