سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەمجارە ئامانجمان ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئێرانە و ڕێگە نادەین چیدیکە ئێران ببێتە هەڕەشە لەسەر ناوچەکە.
دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاشیگەیاند، پێشتر ئێرانمان ئاگادارکردبووە لە کردەوەکانی، بەڵام ئەوان لەسەر کارەکانیان بەردەوامبوون، بۆیە ئەم هێرشە کۆتایی نایەت، هەتا حکومەتی ئێران دەڕوخێنین.
ترەمپ گوتیشی، داوا لە سوپای پاسداران دەکەم چەکەکانیان دابنێن، ئەگەر دەیانەوێت ژیانیان پارێزراوبێت، هەرئێستا چەکەکانیان دابنێن و واز لە بەرگریکردن لە حکومەت بهێنن، بە پێچەوانەوە ئەمریکا بەزەیی بۆ کەس نابێت.
هەروەها ترەمپ داوایەکیشی لە خەڵکی ئێران کرد و گوتی، ئەوەی لەسەر ئێمە بێت بۆتان دەکەین و حکومەتەکەتان دەڕوخێنین، لەسەرتان پێویستە لەگەڵمان بن و دەستبەسەر حکومەتدا بگرن، ئازادی بۆخۆتان بەدەستبهێنن.
لەبارەی هێرشەکانەوە ئاماژەی بەوەش کرد، ئێمە پێشتر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێرانمان لەناوبرد، ئامۆژگاریمان کردن کە واز لە پیتاندنی یۆرانیۆم بێنن، بەڵام بەرپرسانی ئێران دووبارە دەستیان کردەوە بە کارەکانی پێشوویان، بۆیە ئەمجارە مۆڵەتیان نادەین.