حکوومەتی عێراق ڕێگەچارەی دیپلۆماسی بە هەنگاوی دروست دەزانێت بۆ پاراستنی ناوچەکە لە ئاڵۆزی و ناسەقامگیری زیاتر، هاوکات هێرشەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی بە توندی ڕەتدەکاتەوە.
حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، ڕایگەیاند کە ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانی نیگەرانە لەو هێرش و دەستدرێژییانە بۆ سەر چەند پارێزگاو ناوچەیەکی عێراق و بە پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانیی عێراقی دەزانێت.
لە لێدوانەکانیدا خاڵە سەرەکییەکانی خوارەوە خرانە ڕوو:
بژاردەی دیپلۆماسی:
حکوومەتی عێراق گفتوگۆ و دیپلۆماسی بە چارەسەری دروست دەزانێت بۆ دوورخستنەوەی ناوچەکە لە ئاڵۆزی زیاتر.
پاراستنی دراوسێکان:
بەغدا ڕژدبوونی خۆی دووپاتکردەوە کە ڕێگە نادات خاکی عێراق بەکاربهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ.
نەبوونی زانیاری پێشوەختە:
گوتەبێژی حکوومەت ڕەتیبووەوە کە هیچ زانیارییەکی پێشوەختەیان لەبارەی هێرشەکانەوە هەبووبێت و هیچ ڕەزامەندییەکیان لەسەر نەبووە.
قەیرانی مووچە:
لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانەوە، ئاماژەی بەوەدا کە بەهۆی ئاڵۆزبونی بارودۆخی ناوچەکە، جەنگ و کەمبوونەوەی پارەی کاش، حکوومەت ناچارە قەرزی ناوخۆیی بکات بۆ دابینکردنی مووچە.