ڕاستەوخۆ

بۆ یەکەمین جار لەمساڵدا دوو حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە هەولێر تۆمارکران

reset font size increase font size

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بۆ یەکەمین جار لەمساڵدا دوو حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە شاری هەولێر دەستنیشانکراون، کە هەردووکیان ئەندامی یەک خێزانن و بەهۆی سەربڕینی ئاژەڵ لەناو ماڵدا تووشی نەخۆشییەکە بوون.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی کە ئەمرۆ بڵاوکراوەتەوە، تووشبووەکان باوک و کوڕێکن کە تەمەنیان 71 ساڵ و 29 ساڵە و دانیشتووی گەڕەکێکی ناو شاری هەولێرن. تووشبوونیان دوای ئەوە دێت کە لە دوو هەفتەی ڕابردوودا لەناو ماڵەکەیاندا ئاژەڵیان سەربڕیوە و بەرکەوتنیان لەگەڵ ئاژەڵی تووشبوو و پێکهاتە و دەرهاویشتەکانی دوای سەربڕین هەبووە.

وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە کردووە، دوای سەردانیکردنی نەخۆشخانە و گومانلێکردنیان بەهۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشییەکەوە، چەندین ڕێکاری دەستنیشانکردن، پشتڕاستکردنەوە و چارەسەری پزیشکییان بۆ گیراوەتەبەر.

 لە ئێستادا هەردوو نەخۆشەکە لەژێر چاودێریی پزیشکیدا لە نەخۆشخانە خەوێندراون و چارەسەر وەردەگرن؛ باری تەندروستیی یەکێکیان تا ڕادەیەک جێگیرە و ئەوی دیکەیان ناجێگیرە.

لە پەیامێکیشدا بۆ ڕای گشتی، وەزارەتی تەندروستی جەختی لەسەر جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان کردەوە و داوای لە هاونیشتمانیان کرد: "لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ، پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگاداربکەنەوە.

هەروەها ئەو هاونیشتمانیانەی بەرکەوتنیان لەگەڵ بەخێوکردنی ئاژەڵ یان بەرهەمە ئاژەڵییەکاندا هەیە، لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروستدا بەخێرایی و بێ دواکەوتن سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن."

سەبارەت بە ئاماری گشتیی نەخۆشییەکە، وەزارەتەکە ڕوونیکردەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین حاڵەتی گومانلێکراوی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە، بەڵام دوای بەدواداچوون و پشکنین، تەنها ئەم دوو حاڵەتە بە فەرمی پشتڕاستکراونەتەوە. ئەمە جگە لە دوو حاڵەتی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کە بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.