کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ڕایگەیاند، هەوڵدەدات نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی گەلی کورد وەک نەتەوەیەک بناسێنێت و پێگەی "ئەندامی چاودێر"یان لەناو ڕێکخراوەکەدا پێببەخشێت.
ئەم هەنگاوە جارێکی دیکە مشتومڕی یاسایی و سیاسی لەسەر میکانیزمەکانی نوێنەرایەتیکردنی گەلان و سنوورەکانی مافی چارەی خۆنووسین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی خستووەتەوە ئاراوە.
ئەم پێشنیارە لە بەیاننامەی کۆتایی 24ەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی کەنەکەدا هات، کە لە رۆژانی 6 و 7ی حوزەیرانی2026 لە وڵاتی هۆڵەندا بەڕێوەچوو.
پرسیارە سەرەکییەکە لێرەدا ئەوەیە: ئایا گەلی کورد دەتوانێت بەبێ هەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، نوێنەرایەتی خۆی لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا بکات؟
بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، وەڵامەکە لە چەمکی "پێگەی چاودێری هەمیشەیی"دایە.
مەرجەکانی ئەندامێتی و پێگەی چاودێر
بەگوێرەی ماددەی چوارەمی پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەندامێتیی تەواو تەنیا بۆ "دەوڵەتان"ە، کە دەبێت لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایش و کۆمەڵەی گشتییەوە پەسند بکرێن.
بەڵام بۆ ئەو قەوارە و گەلانەی کە دەوڵەتی سەربەخۆیان نییە، ڕێگەیەکی دیکە هەیە کە ئەویش "پێگەی چاودێر"ە.
ئەم پێگەیە لە دەقی پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا نەهاتووە، بەڵکو لەسەر بنەمای نەریتی سیاسی و دیپلۆماسی ڕێکخراوەکە جێگیر بووە.
ئەو لایەنانەی دەبنە چاودێر، مافی قسەکردنیان لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیدا دەبێت، بەڵام مافی دەنگدانیان لەسەر بڕیارە سەرەکییەکان نابێت.
بەدەستهێنانی ئەم پێگەیەش تەنیا پێویستی بە دەنگی زۆرینەی سادەی ئەندامانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە.
جێی باسە ئەم پێگەیە بۆ کورد، دەبێتە هۆی ناساندنی زیاتری ناسنامەی کوردی و مافە کولتووری و سیاسییەکانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، و پرسی کورد دەخاتە ناو چوارچێوە فەرمییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە مافی گەلان و کەمینەکان.
ئەزموونی گەلانی دیکە لە نەتەوە یەکگرتووەکان
مێژووی نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین نموونەی هاوشێوەی تێدایە کە گەلان یان قەوارە بێ دەوڵەتەکان هەوڵی بەدەستهێنانی پێگەی نێودەوڵەتییان داوە:
فەلەستین؛ دیارترین نموونە: لە ساڵی 1974، ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین (PLO) پێگەی چاودێری وەک نوێنەری گەلی فەلەستین بەدەستهێنا. دواتر لە ساڵی 2012، پێگەکەی بەرزکرایەوە بۆ "دەوڵەتی چاودێری غەیرە ئەندام"، کە ئەمەش بەهێزترین پێگەی یاساییە بۆ گەلێک کە هێشتا دەوڵەتی سەربەخۆی نییە.
سەحرای ڕۆژاوا: بەرەی پۆلیساریۆ داوای مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی سەحرا دەکات، بەڵام سەرەڕای ناساندنی لەلایەن چەند وڵاتێکەوە، نەبووەتە ئەندام یان چاودێر لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
تایوان و کۆسۆڤۆ: تایوان خاوەنی دامەزراوەی دەوڵەتە بەڵام بەهۆی ڤیتۆی چینەوە لە دەرەوەی ڕێکخراوەکەیە.
کۆسۆڤۆش لەلایەن زیاتر لە 100 وڵاتەوە ناسراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی کۆدەنگی لە ئەنجوومەنی ئاسایش، هێشتا هیچ پێگەیەکی فەرمی لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا نییە.
ئەم هەوڵە نوێیەی کەنەکە، دەرگای قۆناغێکی نوێ لە خەباتی دیپلۆماسی بۆ گەلی کورد دەکاتەوە، بەڵام سەرکەوتنی پڕۆژەکە بەندە بە ڕادەی پشتگیریی دیپلۆماسیی وڵاتانی ئەندام لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.