بڕیارە ڕۆژی هەینی، لەژێر چاودێرییەکی نێودەوڵەتیدا لە سویسرا، کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەنێوان بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئێران بەڕێوەبچێت بۆ واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن، بەڵام لێدوانی دژبەیەک لە نێوان واشنتن و تاران لەسەر ئاستی نوێنەرایەتیکردنی ئێران لەو کۆبوونەوەیەدا هەیە.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، واژۆکردنی یاداشتنامەکە بە ئامادەبوونی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەبێت، کە ئەمەش نیشانەی گرنگیی ڕێککەوتنەکەیە بۆ هەردوولا.
لە بەرامبەردا، لێدوانەکەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جۆرێک لە تەمومژی خستە سەر شێوازی بەشداریکردنی تاران؛ ئیسماعیل باقایی ڕایگەیاند کە هێشتا بە فەرمی بڕیار لەسەر ئەوە نەدراوە کێ نوێنەرایەتی ئێران دەکات بۆ واژۆکردنی یاداشتنامەکە.
سەبارەت بە لایەنی ئابووری و دارایی ڕێککەوتنەکە کە دەنگدانەوەی هەبووە، باقایی ڕوونکردنەوەی دا و گوتی: "ئێران بە هیچ شێوەیەک بەدوای وەرگرتنی باجی ڕێگاوباندا نییە، بەڵکو بابەتەکە تەنیا پەیوەستە بە کۆکردنەوەی تێچووی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش دەکرێن."
ئەم هەنگاوە نوێیەی نێوان واشنتن و تاران لە سویسرا، وەک سەرەتای قۆناغێکی نوێی دیپلۆماسی لە نێوان هەردوو وڵاتدا سەیر دەکرێت، لە کاتێکدا کە ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت.