ڤلادمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی ئاژانسی "CNN" ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی لە ئێستادا تەنها خاوەنی بەشێکی زۆر کەم (بەنزیکەی 1٪)ی ئەو مووشەکە بەرگرییانەی "پاتریۆت"ە کە پێویستییەتی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە بالیستییەکانی ڕووسیا.
زێلێنسکی ڕایگەیاند، دانوستان و پەیوەندی ڕۆژانەی لەگەڵ هاوپەیمانان هەیە بۆ ئەوەی ڕێژەی مووشەکەکانیان بە شێوەیەکی نهێنی و هەستیار لە 1٪وە بۆ 5٪ بەرز ببنەوە. زێلێنسکی گوتی: ئەگەر ئەمریکا 5٪ی خەزێنەکانی خۆیمان پێبفروشێت، دەتوانین لەم زستانە بپەڕینەوە و گیانی هەزاران هاوڵاتی ڕزگار بکەین، بەڵام ئەگەر 10٪مان دەستبکەوێت، دەتوانین تەواوی مووشەکە بالیستییەکانی ڕووسیا لە ئاسماندا تێکبشکێنین.
سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەش کرد، کە خەزێنەی مووشەکی بەرگریی ئۆکرانیا بەراورد بە ساڵی 2025 دوو هێندە و نیو کەمبووەتەوە، لە کاتێکدا هێرشە بالیستییەکانی ڕووسیا مانگانە دوو بەرامبەر زیادیان کردووە و خەڵکی وڵاتەکەی ڕووبەڕووی شەوانی ترسناک و پڕ وێرانکاری بوونەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، زێلێنسکی ڕوونی کردەوە کە قەیرانی نەبوونی مووشەکی بەرگری لەسەر ئاستی جیهان، پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە جەنگی ئەمریکا بەرامبەر ئێرانەوە هەیە. واشنتۆن دەیان مووشەکی بەرگریی ئاسمانیی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەک و درۆنەکانی ئێران بەکارهێناوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی گوشارێکی زۆر لەسەر کۆگاکانی ئەمریکا و جیهان، بە جۆرێک هەندێک لە شارەکانی ئۆکرانیا لە شەوانی هێرشەکاندا بە تەواوی بێبەرگری دەمێننەوە.
سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئاشتی و دانوستانەکان، زێلێنسکی داوای بەشداریی ڕاستەوخۆ و کاراتری ئەمریکای کرد و جەختی کردەوە ڕووسیا ناچێتە ژێر باری بڕیاری ئاشتی چونکە گوشاری پێویستی لەسەر نییە.
سەرۆکی ئۆکرانیا بە توندی بڕیاری وازهێنان لە ناوچەکانی دۆنباسی ڕەتکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد: پرسەکە ڕادەستکردنی خاک نیە، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە چی ڕێگری لە پۆتین دەکات کە دوای ماوەیەک بە یەک یان دوو ملیۆن سەربازەوە نەگەڕێتەوە بۆ داگیرکردنەوەمان؟ بۆیە زەمانەتی ئەمنی بڕواپێکراو مەرجی بنەڕەتیی ئێمەیە.