ڕاستەوخۆ

ئەڵمانیا مافی پەنابەریی هەزاران سوری هەڵدەوەشێنێتەوە

reset font size increase font size

ئەڵمانیا لە دوای گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییە گەورەکان لە سوریا و ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، دەستی کردووە بە پێداچوونەوە بە دۆسیەی پەنابەریی سورییەکان.

بەگوێرەی وەڵامی حکومەتی ئەڵمانیا بە پرسیاری پەرلەمانتارانی حیزبی چەپ، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا لە کۆی ٨ هەزار و ٣٢٠ دۆسیەی پەنابەریی سوری، ٢٣.٢٪یان بە هەڵوەشاندنەوە یان سەندنەوەی مافی پەنابەری کۆتاییان پێهاتووە.

 یاسای ئەڵمانیا بەجۆرێکە، مافی پەنابەری دەتوانرێت کاتێک هەڵبوەشێنرێتەوە کە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە وڵاتی بنەڕەتی پەنابەرەکە ڕووبدات، یان دەربکەوێت کە لە کاتی داواکارییەکەدا زانیاریی هەڵە دراوە.

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە کانونی یەکەمی ٢٠٢٤، دەیان هەزار سوری لە تورکیا، لوبنان و ئوردن گەڕاونەتەوە سوریا، بەڵام هێشتا لە هەندێک ناوچەدا نائارامیی ئەمنی، کەمیی خانوو و کەمیی یارمەتیی مرۆیی بەردەوامە.

لە مانگی حوزەیرانەوە، دەزگای کۆچ و پەنابەریی ئەڵمانیا بازنەی پێداچوونەوەکانی فراوانتر کردووە و دۆسیەی ئەو کەسانەشی لەخۆ دەگرێت کە ٢١ مانگ لە وەرگرتنی مافی پەنابەرییان تێپەڕیوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەوانەکردنەوەی سورییەکان بۆ سوریا هێشتا بە شێوەیەکی زۆر کەم ئەنجام دەدرێت و پێویستی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سوریایە.

لە لایەکی دیکەوە، پەرلەمانتارانی حیزبی چەپ دژی گەڕاندنەوەی زۆرەملێی سورییەکانن و داوا دەکەن بۆ ئەو کەسانەی ماوەیەکی درێژە لە ئەڵمانیا دەژین، پاراستنی هەمیشەیی دابین بکرێت.

ئامارەکان هەروەها نیشان دەدەن کە داواکارییە نوێکانی پەنابەریی سورییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە؛ لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا تەنها نزیکەی ٥ هەزار داواکاری تۆمار کراوە، لە کاتێکدا ڕێژەی ڕەتکردنەوە گەیشتووەتە ٦٨.٦٪.

جێی باسە، ژمارەیەکی زۆر لە سورییەکان لە ئەڵمانیا لە کەرتەکانی وەک فرۆشتن، چێشتخانە، تەندروستی، چاودێری و گواستنەوە کار دەکەن؛ ئەو بوارانەی ئەڵمانیا تێیاندا کەمیی هێزی کار هەیە.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.