مەجیدڕەزا حەریری، سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئێران ڕایگەیاند، پێویستە بەزووی کۆتایی بە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی باشووری ئێران بهێنرێت.
سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئێران دەڵێ، بە ڕێگای دانوستان بێت یان بە هەڕەشە یان بە جەنگ، دەبێت ئەم گەمارۆ دەریاییە کۆتایی پێ بهێنرێت، چونکە لێکەوتە و دەرئەنجامەکانی ئەم گەمارۆیە بەراورد بە جەنگ زۆر زیاتر و قورسترن.
مەجیدڕەزا حەریری دەشڵێ، ئێران لە ماوەی جەنگی 40 ڕۆژەدا هێندەی ڕۆژانی گەمارۆی دەریایی تووشی کێشەی ئابووری و کەمبوونەوەی کەلوپەل نەبووەتەوە.
سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئێران هۆشداریدا لەوەی خراپترین ڕووداو ئەوەیە پێیان وابێت بە هەبوونی ئەو گەمارۆیە دەتوانن وڵات بەڕێوە ببەین، چونکە ئەمە وەک سزاکانی پێشوو نییە و زۆر قورسە.
گوتیشی ئێران ڕۆژانە نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار زیانی بەر دەکەوێت، بەهۆی ئەوەی ئەمریکا لە دەریاوە گەمارۆی داوە ناهێڵێت نەوت بفرۆشێت یان کەلوپەل هاوردە بکات.