جووتیارانی ڕۆژئاوای کوردستان ناڕازین لە بەهای تەرخانکراو بۆ کڕینەوەی گەنم لەلایەن حکوومەتی کاتیی سووریا و باس لەوە دەکەن، ئەم نرخانە تەنانەت تێچووی چاندنی گەنمەکانیشیان بۆ ناگەڕێنێتەوە.
بەگوێرەی بڕیارەکەی حکوومەتی کاتیی سووریا، تەنێک گەنم بە بەهای 46 لیرەی سووری لە جووتیاران دەکڕدرێتەوە و هەر ئەمەش ناڕەزایەتیی جووتیارانی ناوچەکانی گرکێلەگێ و تربەسپیی ڕۆژئاوای کوردستانی لێکەوتووەتەوە.
جووتیاران باس لەوە دەکەن، بەهۆی ڕێژەی بەرزی بارانبارین و نەخۆشیی (لێدانی زەنگ) لە زەوییەکانیاندا، ڕووبەڕووی کێشەی زۆر بوونەتەوە و لە ئێستاشدا نرخی تەرخانکراو لەلایەن حکوومەتی کاتیی سووریاوە لەوە کەمترە کە چاوەڕوانیان دەکرد، بۆیە داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەن بە نرخەکەدا بچنەوە.