لە سنووری پارێزگای هەولێر لە ماوەی چوار ڕۆژی جەژنی قورباندا، بڕی 890 تۆن پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی لە لایەن تیمەکانی ژینگە و شارەوانییەوە کۆکراوەتەوە.
ژیار جەلال بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر ڕایگەیاند، لە هەر چوار ڕۆژی جەژنی قورباندا، تیمەکانیان توانیویانە 890 تۆن پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی کۆبکەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پێشوەختە 22 شوێنی جیاواز لە سنوورەکە بۆ فڕێدانی ئەو پاشماوانە دیاریکرابوون.
ژیار جەلال لەبارەی ئاستی هۆشیاری و پابەندیی هاونیشتمانییانەوە گوتی: "خەڵکێکی زۆر ئەمساڵ زۆر باشتر پابەندی ڕێنماییە ژینگەیییەکان بوون و پاشماوەکانیان لەو شوێنانەدا فڕێداوە کە بۆیان دیاریکرابوو، ئەمەش هاوکارییەکی گەورە بوو بۆ سەرکەوتنی کارەکانی تیمەکانی شارەوانی و ژینگە".
سەبارەت بە تۆمارکردنی سەرپێچییەکانیش، بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر ئاشکرای کرد کە سەرەڕای پابەندیی زۆرینە، بەڵام هێشتا هەندێک حاڵەتی نەشیاو هەبوون، لەو چوارچێوەیەدا تیمەکانیان چاودێریی دوو ئۆتۆمبێلیان کردووە، کە پاشماوەی قوربانییان لە شوێنی قەدەغەکراو فڕێداوە.
ژیار جەلال جەختی لەوە کردەوە، ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر و گوتی: "ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانمان لایە، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمیدا، نووسراوی پێویست ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بەمەبەستی دەستبەسەرداگرتنی ئەو دوو ئۆتۆمبێلە".
لەلایەکی دیکەوە، بەپێی ئاماری فەرمیی سەربڕخانەکان، لە سێ ڕۆژی یەکەمی جەژندا ڕێژەیەکی بەرچاو ئاژەڵ بۆ قوربانی سەربڕدراون، بەجۆرێک لە شاری هەولێر هەزار و 104 سەر ئاژەڵ، لە سلێمانی 680 سەر ئاژەڵ، لە پارێزگای هەڵەبجە 543 سەر و لە کەرکووکیش 200 سەر ئاژەڵ سەربڕدراون.