لینزی گراهام، سیناتۆری ناسراوی ئەمریکا لە پارتی کۆماری و یەکێک لە دیارترین داکۆکیکارانی مافی گەلی کورد لە کۆنگرێسی ئەمریکادا، لە تەمەنی 71 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەکی کتوپڕ و کورتخایەنەوە کۆچی دوایی کرد.
نووسینگەی فەرمیی سیناتۆرەکە ڕاگەیەندراوێکی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە ناوبراو ڕۆژی شەممە گیانی لەدەستداوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە فەرمی هەواڵی کۆچی دوایی سیناتۆر لیندزی گراهامی ڕاگەیاند و دڵگرانیی قووڵی خۆی نیشان دا. ترەمپ لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە پێگەی بەرز و گرنگی گراهام کرد و گوتی: "گراهام یەکێکە لە مەزنترین مرۆڤ و سیناتۆرەکان کە لە ژیانمدا ناسیبێتم، گیان لەدەستدانی ڕووداوێکی یەکجار خەمناکە بۆ کایەی سیاسیی ئەمریکا". گراهام وەک یەکێک لە کەسایەتییە هەرە نزیکەکان لە ترەمپەوە دادەنرا.
کوردستان لەسەر هەواڵی گیان لەدەستدانی یەکێک لە دڵسۆزترین و باشترین دۆستەکانی لە واشنتن بەئاگا هات، دۆستێک کە هەمیشە وەک بەربەستێک لە دژی هەوڵەکانی لەنێوبردن و پێشێلکردنی مافەکانی کورد دەوەستایەوە و لە سەختترین وێستگەکاندا دەنگی زوڵالی بەرگریکردن بوو لە دۆزی کورد.
لێندزی گراهام لە کاتی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژاڤای کوردستاندا، داکۆکیی لە مافی کورد دەکرد و تەنانەت پڕۆژەیاسایەکی تایبەتی بۆ پاراستنی کورد لە ڕۆژئاوا پێشکەشی کۆنگرێسی ئەمریکا کردبوو. ئەو بەردەوام دژی سیاستەکانی ئێران، سووریا و تورکیا دەوەستایەوە و داوای دەکرد ئەمریکا بەردەوام بێت لە پڕچەککردن و پشتگیریکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، چونکە ئەوانی وەک گرنگترین هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بۆ شەڕی دژی داعش دەبینی.
جگە لە ڕۆژئاوا، لێندزی گراهام جەختی لەسەر پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانیش دەکردەوە و داوای دەکرد سوپای ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان نەکشێتەوە، بەڵکو لە پێشکەشکردنی مەشق و ڕاوێژ و هەماهەنگیی سەربازی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام بێت بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.