جێگیرکردنی سیستمێکی نوێی ڕادار لەلایەن تورکیاوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق، شەپۆلێکی نیگەرانی و دڵەڕاوکێی لە نێو ناوەندە سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئیسرائیلدا لێکەوتووەتەوە، چونکە سیستمەکە دەتوانێت سەرجەم جووڵە ئاسمانییەکانی تەلئەبیب بخاتە ژێر چاودێریی وردەوە.
ئاژانسی "ئانها" لە ڕۆژئاوای کوردستان بڵاویکردەوە، کە ناوەندی "ئەلما"ی ئیسرائیلی بۆ توێژینەوە و باڵانسی ستراتیژی، ڕاپۆرتێکی تایبەتی لەسەر جێگیرکردنی ڕاداری پێشکەوتووی جۆری (HTRS-100) لەلایەن تورکیاوە لە ناو جەرگەی پایتەختی سووریا بڵاوکردووەتەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەم هەنگاوە سەربازی و تەکنیکییە بووەتە هۆی دروستبوونی ترسێکی ڕاستەقینە لە تەلئەبیب سەبارەت بە ئایندە و چارەنووسی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییە بەردەوامەکانی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل لە ناو خاک و ئاسمانی سووریادا.
ئەم ڕادارە، کە لەلایەن کۆمپانیای "ئەسێلسان" (Aselsan)ی بەناوبانگی تورکییەوە گەشەی پێدراوە، هەرچەندە لە میدیا فەرمییەکاندا وەک پڕۆژەیەکی تەواو مەدەنی بۆ زیادکردنی ئاستی ئاسایشی فڕین ناوزەند کراوە، بەڵام توانای تەکنیکی و سیخوڕیی ئەم سیستمە زۆر لە مەبەستێکی مەدەنی گەورەترە.
سیستمی ڕاداری (HTRS-100) توانای هەیە وێنەیەکی ئاسمانیی وردی سێ ڕەهەندی لە مەودای نێوان 150 بۆ 185 کیلۆمەتر تۆمار بکات. ئەم مەودا فراوانەش وا دەکات جگە لە پارێزگای دیمەشق، تەواوی خاکی لوبنان و بەشێکی یەکجار زۆری ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل بکەونە ژێر چاودێریی ڕادارەکەوە.
بەرپرسانی تەلئەبیب پێیان وایە، کارپێکردنی ئەم ڕادارە نوێیە لەلایەن تورکیاوە لە دیمەشق، ئازادیی جووڵەی فڕۆکە جەنگییەکانیان لە ناوچەکەدا بە تەواوەتی سنووردار دەکات و دەبێتە هۆی دزەکردنی زانیاریی پێشوەختە لەسەر هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر بنکەکانی سووریا.