ڕاستەوخۆ

حیزبی دێموکرات: ئەو ڕژێمەی د. قاسملوو دژی وەستایەوە، ئێستا بووەتە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر جیهان

reset font size increase font size

حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی ٣٧ەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری پێشووی حیزبەکە و هاوڕێیانی لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا، ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بڵاوکردەوە؛ تێیدا تیشک دەخاتە سەر دۆخی ئێستای ئێران و ناوچەکە و جەخت لەسەر بەردەوامیی ڕێبازی فیکریی ئەو ڕێبەرە دەکاتەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "٣٧ ساڵ لەمەوبەر لە ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاوی (١٣ی جوولای ١٩٨٩)، د. قاسملوو لەگەڵ عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر لەسەر مێزی دانوستان و بە دەستی دیپلۆمات-تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەهید کران".

حیزبی دێموکرات ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم تیرۆرە دەوڵەتییە نەبووە هۆی لەناوبردنی ڕێبازی فیکریی قاسملوو، بەڵکو هێشتا هزری ئەو بۆ چەمکەکانی وەک دێموکراسی، دادپەروەری و مافی نەتەوەیی، وەک قەڵغانێکە بۆ کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ڕاگەیەندراوەکە ڕەخنەی قووڵ لە هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپی، بەتایبەت نەمسا دەگرێت، کە لەو کاتەدا چاوپۆشییان لەو تیرۆرە کرد، ئەمەش وایکرد تاران لە ساڵانی دواتردا پەرە بە "دیپلۆماسیی تیرۆر" بدات.

 حیزبەکە دەڵێت، سیاسەتی درێژخایەنی ئێران لە هەناردەکردنی شۆڕش و ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە، لە ئێستادا ئێرانی تووشی شەڕێکی ماڵوێرانکەر کردووە کە لێکەوتەکانی، کۆمەڵگەی ئێرانی لە بواری ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە خستووەتە لێواری داڕمانێکی تەواو و مەشرووعییەتی ڕێژیمەکەی بردووەتە ژێر پرسیار.

حیزبی دێموکرات ڕایدەگەیەنێت کە دەسەڵاتی ئێران لە ئێستادا بۆ داپۆشینی شکستە دەرەکییەکانی، ناوخۆی وڵاتەکەی کردووەتە گۆڕەپانی سەرکوت، و بە تایبەتیش ڕۆژهەڵاتی کوردستانی خستووەتە ژێر گوشارێکی توندی ئەمنیی سیستماتیک.

 لە کۆتاییدا، بەیاننامەکە داوا لە تەواوی هێزە سیاسییەکان و جەماوەری کوردستان دەکات کە ڕیزەکانی خۆڕاگری و هاوخەباتییان پتەوتر بکەن، و جەخت دەکاتەوە کە سەرکەوتن بەسەر کۆماری ئیسلامیدا لە گرەوی یەکڕیزیی ناوخۆیی و خەباتی بەرفراواندایە لەگەڵ نەتەوە بندەستەکان و هێزە ئازادیخوازەکانی دیکەی ئێراندا.

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.