هەردوو ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاو کردەوە و هۆشدارییان دا، کە جیهان ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی سووتەمەنی بووەتەوە.
نوێنەرانی ئەم دوو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە لەبارەی پەککەوتنی جووڵەی بازرگانییەوە ڕایانگەیاند، بەهۆی تێکچوونی هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمزدا، یەدەگی نەوتی جیهانی بە شێوەیەکی بەرچاو و مەترسیدار دابەزیوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە: "ئەگەر جوڵەی گواستنەوە و ناردنی سووتەمەنی بە گەرووی هورمزدا دەست پێ نەکاتەوە، ئەوا کەمبوونەوەی زیاتری یەدەگی نەوت بەر لە گەیشتنی وەرزی هاوین، مەترسییەکی گەورە لەسەر ئاسایشی سووتەمەنی، دۆخی بازاڕ و تەواوی ئابووریی جیهان دروست دەکات".
ئەو دوو ڕێکخراوە تیشکیان خستە سەر لایەنە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم قەیرانە و ڕایانگەیاند: "دەرئەنجامەکانی ئەم ململانێیە بە شێوازێکی نایەکسان کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئەو وڵاتانە دروست کردووە کە زیاتر ڕووبەڕووی مەترسی بوونەتەوە".
جەختیشیان کردەوە کە ئەم دۆخە لە ئێستادا بووەتە هەڕەشەیەکی جددی و ڕاستەقینە بۆ سەر ئاسایشی خۆراک، ڕەخساندنی هەلی کار و داهاتی گەلان.