هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی ڕایگەیاند، چاوەڕوانن تا مانگی تەممووز داڕشتنی دەقی یاسایی کۆتایی پێبێت، جەختیشی کردەوە، دانوستان بە چاوپۆشیکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد و عەلەوییەکان کۆتایی نایەت.
تونجەر باکرهان هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراتیی گەلان (دەم پارتی)، لە میانی بەشداریکردنی لە ئامادەکارییەکانی فێستیڤاڵی فیدراسیۆنی یەکێتیی عەلەوییەکان لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، ئەوان چاوەڕێن تا مانگی تەممووز داڕشتنی دەقی یاسایی بۆ پڕۆسەی چارەسەری کۆتایی پێبێت.
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتیشی: "پێویستە یاسای نوێ بتوانێت بە تەواوی زەمینەی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی بۆ ئەو کەسانە دابین بکات، کە چەکەکانیان سووتاندووە، چونکە دانوستان ڕێگەیەکە بۆ بەدەستهێنانی مافەکان، نەک وازهێنانی گەلی کورد و عەلەوی لە خواست و مافی هاوڵاتیبوونی یەکسان لە تورکیادا".
تونجەر باکرهان تیشکی خستە سەر مەرجە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی پڕۆسەکە و ڕایگەیاند: "بۆ سەرکەوتنی ئەم هەنگاوانە، پێویستە سەرجەم بەندکراوە سیاسییەکان ئازاد بکرێن، هاوکات دەرگا واڵا بکرێت بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی پێگەی سیاسییانەوە بۆ دەرەوەی وڵات دوور خراونەتەوە".