بەڕێوەبەرایەتیی شارستانیی حەسەکە ڕایگەیاند کە لە فۆرمی وەرگرتنی ڕەگەزنامەدا تەنیا دەستەواژەی "سوری" جێگیر کراوە و ئەو دەنگۆیانەی باس لە سەپاندنی ناسنامەی "عەرەبی" دەکەن، دوورن لە ڕاستییەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە، لە کاتی پڕکردنەوەی فۆرمی ناسنامە لە پارێزگای حەسەکەدا، داوا لە هاوڵاتیانی ڕۆژاڤا کراوە لە خانەی نەتەوەدا خۆیان وەک (عەرەبی سوری) بناسێنن. ئەمەش ناڕەزایەتییەکی فراوانی هاوڵاتییانی لێکەوتەوە و دوابەدوای کاردانەوەکانیش، باس لەوە کرا کە بڕیارەکە هەڵوەشاوەتەوە.
بەڕێوەبەری کاروباری شارستانیی حەسەکە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕەتیکردەوە هیچ بڕیارێکی لەو شێوەیە هەبووبێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن گوایە لە فۆرمی داواکاریی ڕەگەزنامەدا دەستەواژەی "عەرەبی سوری" سەپێنراوە، تەنها هەڵەی کەسیی خودی داواکارەکانە لە کاتی پڕکردنەوەی فۆرمەکاندا و هیچ پەیوەندییەکی بە ڕێنماییە فەرمییەکانەوە نییە.
بەڕێوەبەری کاروباری شارستانیی حەسەکە ئاماژەی بە پێگەی پێکهاتەی کورد کرد و جەختی کردوەوە، ئێمە وەک بەشێکی دانەبڕاو لە پێکهاتەی نیشتمانی ڕێز لە ناسنامەی کورد دەگرین و کار دەکەین بۆ ڕەخساندنی هەموو ئاسانکارییەکی پێویست تاوەکو هاوڵاتییانی کورد لە چوارچێوەی یاسادا ڕەگەزنامە وەربگرن.
ئەم ڕوونکردنەوەیە دوای شەپۆلێکی ناڕەزایەتی دێت کە لە ناوەندە کوردییەکاندا دروست بوو، تێیدا جەخت لەسەر پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی لە پڕۆسەی وەرگرتنی مافی هاوڵاتییبووندا دەکرایەوە.