سەرۆکی فەڕەنسا پڕۆژەیەکی نێودەوڵەتی بۆ جێگیرکردنی هێزێکی دەریایی سەربەخۆ لە گەرووی هورمز ڕادەگەیەنێت، هاوکات بەریتانیاش جەخت دەکاتەوە کە بەشداریی گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی ئێران ناکات.
ئیمانوێل ماکرۆن ڕایگەیاند، بڕیارە لەچەند ڕۆژی داهاتوودا کۆنفڕاسێکی نێودەوڵەتی سەبارەت بە دۆخی گەرووی هورمز ڕێکبخرێت و بە ئەگەری زۆر هێزێکی فرە نەتەوەیی دەریایی بە سەرپەرشتی بەریتانیا لەپێناو بەرگریکردن لە گەرووی هورمز جێگیردەکرێت.
ماکرۆن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، ئەم هەوڵەیان بەتەواوەتی ئاشتیخوازانەیەو ئامانجی سەرەکییان گەڕاندنەوەی ئازادیی دەریاوانییە لە گەرووی هورمز. گوتیشی، ئەم هێزە بەتەواوەتی سەربەخۆ دەبێت و نابێت بە یەکێک لە لایەنەکانی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا.
هەروەها گوتی، پێویستە هەموو ڕێکارێکی دیپلۆماسی بۆ جێگیرکردنی ئاشتییەکی هەمیشەیی و چارەسەرکردنی کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام بدرێت.
دوابەدوای ئەم قسانەی ماکرۆن، کییەر ستامەر سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بەشداری گەمارۆدانی هاتوچۆکردنی کەشتییە ئێرانییەکان و گەرووی هورمز لەلایەن ئەمریکا ناکات.
ئەم هەوڵە دیپلۆماسییە نوێیە، ئاماژەیە بە هەوڵی وڵاتانی ئەوروپا بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکانی جەنگ لە ڕێڕەوە ئاوییە جیهانییەکان و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.