ڕاستەوخۆ

ترەمپ لە ئەنقەرە: فرۆشتنی فڕۆکەی F-35 بە تورکیا تاوتوێ دەکەین

reset font size increase font size

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چوارچێوەی بەشدارییکردنی لە لووتکەی ناتۆ لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، زنجیرەیەک لێدوانی گرنگی لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا، ناتۆ، ئیتاڵیا و شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا دا.

پێشوازیی شاهانە و ئەگەری فرۆشتنی F-35 بە تورکیا

دۆناڵد ترەمپ لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە لە کۆمەڵگەی سەرۆکایەتی لە ئەنقەرە بە فەرمی و بە ڕێوڕەسمێکی شایستە پێشوازیی لێکرا.

ترەمپ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە ئەمریکا بە جدی بیر لە دەستپێکردنەوەی فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی جۆری F-35 بە تورکیا دەکاتەوە.

 ترەمپ، کە پێشتر لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا تورکیای بەهۆی کڕینی سیستمی بەرگریی ڕووسی (S-400) لەو پڕۆگرامە دوورخستبووەوە، ئێستا دەڵێت: "پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەیە. تورکیا لە زۆر ڕووەوە زیاتر دڵسۆز بووە وەک لەو وڵاتانەی کە پێمان وابوو دڵسۆزن؛ بۆیە فرۆشتنی فڕۆکەکان شتێکە کە بێگومان ڕەچاوی دەکەین".

"لە ناتۆ زۆر بێهیوا بووم"

سەرۆکی ئەمریکا ڕەخنەی توندی لە هاوپەیمانیی ناتۆ گرت و وتی: "ئەگەر لووتکەکە لە تورکیا ساز نەکرابایە، کە دۆستەکەم (ئەردۆغان) ڕێبەرێکی زۆر بەهێزە تێیدا، ئەوا ئەگەری هەبوو من بەشداریی تێدا نەکەم".

ترەمپ گلەیی لەوە کرد کە وڵاتانی ناتۆ هاوکاریی ئەمریکایان نەکردووە لە ئۆپراسیۆنەکانی دژی ئێراندا و گوتی: "ئێمە ترلیۆنان دۆلارمان لە ناتۆدا وەبەرهێنان کردووە بۆ پاراستنی وڵاتانی ئەوروپا و کەنەدا لە مەترسییەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران و ڕووسیای ئێستا، کەچی ئەوان ئامادە نین لە هیچ شتێکدا هاوکارمان بن".

هێرش توند بۆ سەر جۆرجیا مێلۆنی

ترەمپ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هێرشی کردە سەر جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا و وتی، پێی وایە مێلۆنی "کەسێکی باشە"، بەڵام پەیوەندییەکانیان کەمێک تێکچووە چونکە مێلۆنی ڕەتی کردووەتەوە هاوکاریی ئەمریکا بکات لە هەوڵەکانی بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز. ترەمپ گوتی: "ئەو لەوێ نەبوو بۆ پاڵپشتیکردنمان، منیش بەمە دڵخۆش نەبووم".

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ترەمپ وێنەیەکی خۆی و مێلۆنی بڵاوکردبۆوە و لەسەری نووسیبوو "پێویستمان بە فەرمانی دوورکەوتنەوەیە"، بەو پێیەی دەڵێت مێلۆنی لە لووتکەی جی-7 "پاڕاوەتەوە" بۆ ئەوەی وێنەیەکی لەگەڵ بگرێت، هەرچەندە مێلۆنی لەو کاتەدا وەڵامی دابووەوە کە "من و ئیتاڵیا هەرگیز ناپاڕێینەوە".

گەشبینی بە کۆتاییهاتنی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا

سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیا، ترەمپ جارێکی دیکە گەشبینی خۆی دەربڕی کە ڕووسیا و ئۆکرانیا دەگەنە ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ. ئاشکرایشی کرد کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەیوەندیی تەلەفۆنیی ئەرێنی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ئەنجامداوە و هەردوولایان دەیانەوێت کێشەکە چارەسەر بکەن.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.