پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ڕەخنەی توند لە ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی پایتەختی تورکیا دەگرێت و ڕایدەگەیێنێت، بە بەهانەی لووتکەی ناتۆوە، شاری ئەنقەرە ڕادەستی دۆخی نائاسایی کراوە، هاووڵاتییان دەستبەسەر دەکرێن و هێرش دەکرێتە سەر پەرلەمانتاران.
لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، دەم پارتی ئاماژەی بەوە کردووە کە ناوچە جیاجیاکانی ئەنقەرە گەمارۆ دراون و ڕێگری لە هاووڵاتییان دەکرێت مافی دیموکراتییانەی خۆیان بۆ دەربڕینی نەڕەزایەتی بەکاربهێنن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هێزە ئەمنییەکان بە شێوازێکی فیزیکی هێرشیان کردووەتە سەر ئەو پەرلەمانتارانەی کە خەریکی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی خۆیان بوون.
دەم پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە کە مافی کۆبوونەوە، خۆپێشاندان و ئازادیی ڕادەربڕین لە ژێر سایەی دەستووردا پارێزراون و دەڵێت: "قبووڵکراو نییە بە بەهانەی ئەمنی، ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان هەڵپەسێردرێن."
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "دیموکراسی بە داخستنی شارەکان لە پشت بەربەستەکانەوە، بە بێدەنگکردنی دەنگە نەڕازییەکان و بە بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە پەرلەمانتاران ناپارێزرێت."
دەم پارتی لە کۆتاییدا داوا دەکات کە سەرجەم دەستبەسەرکراوەکان دەستبەجێ ئازاد بکرێن و کۆتایی بەم پێشێلکارییە نایاساییانە بهێندرێت.