عەلی سەعید، بەڕێوەبەری زانیاری و پەیوەندییەکان لە ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان (JCC) لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا ئاماری نوێی سەبارەت بە دۆخی ئاوارە و پەنابەران خستەڕوو و ڕایگەیاند، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا 27 کەمپ هەن و کۆی گشتیی ئاوارە و پەنابەران دەگاتە 843 هەزار و 300 کەس.
بە گوێرەی ئامارەکان، لە کۆی ئەو ژمارەیە 569 هەزار و 310 کەس ئاوارە و 273 هەزار و 990 کەسیش پەنابەرن، کە بەسەر کەمپەکاندا بەم شێوەیە دابەش بوون:
پارێزگای دهۆک: 17 کەمپ (16 کەمپ بۆ ئاوارە و 1 کەمپ بۆ پەنابەران).
پارێزگای هەولێر: 9 کەمپ (5 کەمپ بۆ ئاوارە و 4 کەمپ بۆ پەنابەران).
پارێزگای سلێمانی: 1 کەمپ (کەمپی عەربەت کە تایبەتە بە پەنابەران و 2,199 خێزان کە دەکاتە 9,551 کەس لەخۆ دەگرێت).
سەبارەت بە پێکهاتەی پەنابەران ئاماژەی بەوەدا، 265,515 کەس خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا، 8,306 کەس خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، 6,726 کەس خەڵکی باکووری کوردستان و تورکیا، 894 کەس خەڵکی فەلەستین و 1,149 کەسیش لە نەتەوە و وڵاتانی ترن.
عەلی سەعید ئەوەشی خستەڕوو، بە گوێرەی ستانداردی بانکی نێودەوڵەتی، دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ هەر تاکێک ڕۆژانە پێویستی بە نزیکەی 2.6 بۆ 2.7 دۆلار هەیە، واتە ساڵانە پێویست بە نزیکەی 850 ملیۆن دۆلار دەکات بۆ سێکتەرەکانی ئاو، کارەبا، تەندروستی، پەروەردە، ژینگە و ئاسایش. لەگەڵ ئەوەشدا.
بەڕێوەبەری زانیاری و پەیوەندییەکان لە ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان هۆشداریدا، هاوکاریی وڵاتانی کۆمەکبەخش و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە ڕێژەی زیاتر لە 60% کەمی کردووە و لە هەندێک سێکتەریشدا گەیشتووەتە سفر، ئەمەش بارگرانییەکی گەورەی خستووەتە سەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
عەلی سەعید ڕەخنەی تووندی لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گرت و بەوە وسفی کرد، کە لە کابینەی محەممەد شیاع سوودانیدا سەرکەوتوو نەبووە، چونکە بە شێوازێکی سیاسی مامەڵەی لەگەڵ دۆسیەکە کردووە و هاوکارییەکانیان بۆ ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان زۆر سنووردار و سیمبوولی بوون، هاوکات ئاشکرای کرد، ئەو وەزارەتە بە دەیان ملیۆن دۆلار قەرزداری کرێی زەویی کەمپەکان و کارەبایە لە هەرێمی کوردستان کە زۆربەیان موڵکی جووتیارانی هەرێمن و هێشتا قەرەبوو نەکراونەتەوە.