وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ) ڕایگەیاند، دەستدرێژیکردنە سەر تابلۆیەکی ڕیکلامی لە شاری حەسەکە کە هێمای پرچی ژنی لەخۆگرتبوو، ڕاستەوخۆ بە ئامانجگرتنی کەرامەت، بەهاکان و بوونی ژنان و گەلەکەمان بووە.
ڕۆکسەن محەممەد، وتەبێژی YPJ سەبارەت بە ڕووداوەکەی ڕۆژی ڕابردووی شاری حەسەکە ڕایگەیاند: "ئەو دەستدرێژییەی ڕوژى ڕابردوو لە شاری حەسەکە کرایە سەر تابلۆیەکی ڕیکلامی کە پرچێکی لێدراوی ژنی (ضفيرة) تێدا وێنا کرابوو، زۆر لە سنووری دەستدرێژیکردنە سەر تابلۆکە خۆی تێپەڕی؛ ئەوە هێرش بوو بۆ سەر کەرامەت، بەها و بوونی ژنان و هەروەها بوونی گەلەکەمان."
وتەبێژی YPJ جەختی لەوە کردەوە کە ئهم کردهوهیه بە هیچ شێوەیەک هەڕەمەکی نەبووە، بەڵکو دەربڕینی عەقڵییەتێکی دوژمنکارانە بووە کە ئامانجی تێکدانی سەقامگیریی ئەم پارێزگایەیە.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، ڕۆکسەن محەممەد ئاماژەی بە بەرزکردنەوەی دروشمە توندڕەوەکان کرد و گوتی: "لە ڕووداوەکانی ڕۆژی ڕابردوودا دروشمی ڕەگەزپەرستانە و هێماکانی ڕێکخراوی داعش بەرز کرانەوە. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت ئەو لایەنانەی دەیانەوێت سەقامگیریی دانیشتووانی ئەم پارێزگایە بە ئامانج بگرن، تەنیا دژی بەهاکانی گەلەکەمان نین، بەڵکو دژی خودی یاساش دەوەستنەوە."
لە کۆتاییدا، وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی ژنان داوای لە دەسەڵاتداران کرد هەڵوێستێکی ڕوون و ئاشکرا بگرنەبەر و بەرپرسانی ئەو ئەنجامدانانە بە یاسا ڕووبەڕووی لێپرسینەوە و دادگا بکەنەوە.