بڕیارە لە نێوان ١٦ تاوەکو ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، کۆنفرانسی ژنۆلۆژی ئەوروپی لەژێر دروشمی "بنیاتنانی ژیانێکی ئازادی کۆمەڵایەتی لەگەڵ ژنۆلۆژیا" لە وڵاتی هۆڵەندا بەڕێوە بچێت.
کۆنفرانسەکە لەلایەن ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و لیژنەی ژنۆلۆژی ئەوروپییەوە ڕێک دەخرێت و تێیدا تیشک دەخرێتە سەر ئەزموونی دە ساڵەی توێژینەوەکانی ژنلۆلۆژی لە ئەوروپا، بەمەبەستی دەستنیشانکردنی نەخشەڕێگەیەک بۆ پەرەپێدانی ڕۆڵی ژنان لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکدا.
تەوەر و بەرنامەی سێ ڕۆژەی کۆنفرانسەکە:
تەوەری سەرەکی: جەختکردنەوە لەسەر رزگارکردنی مەعریفە لە کاریگەرییە کۆلۆنیالیزمەکان، پەرەپێدانی شێوازە بەدیلەکانی زانست و خەباتی ڕزگاریخوازی ژنان لە ئەوروپا.
دانیشتنەکان و وۆرکشۆپەکان: بەرنامەکە سێ دانیشتنی سەرەکی و حەوت وۆرکشۆپ لەخۆ دەگرێت، کە تێیاندا باس لە مۆدێلی ڕێکخراوەیی، پێداگۆژی، ئیکۆلۆژی، گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی، و بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنانی گەنج دەکرێت.
ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە ئاماژەیان بەوە داوە کە بەشی کۆتایی ڕێوڕەسمەکە تەرخان دەکرێت بۆ هاوبەشکردنی ئەنجامی وۆرکشۆپەکان و دەرکردنی ڕاگەیەندراوی کۆتایی بۆ دیاریکردنی ئاڕاستەی خەباتی ڕێکخراوەیی ژنان لە قۆناغی داهاتوودا.