ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا، ڕووبەڕووی تۆمەتی گەندەڵی و پێشێلکردنی یاسا دەبێتەوە، پاش ئەوەی دەرکەوت لە کۆبوونەوەکانیدا گوشاری کردووە بۆ ئەوەی پڕۆژەی بۆریی نەوتی عێراق بۆ سووریا بدرێتە کۆمپانیایەک کە خۆی تیایدا پشکی هەیە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکەی ڕۆیتەرز، تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا، لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا و دیمەشق، هەوڵی داوە کۆمپانیای وەبەرهێنانی (تی ئای کاپیتال) بخاتە ناو پڕۆژەی هێڵی نەوتی عێراق - سووریا. ئەم کۆمپانیایەش لەلایەن زیاد غەندوورەوە بەڕێوە دەبرێت، کە هاوڕێ و هاوبەشی دێرینی بازرگانیی باراک خۆیەتی.
بەڵگەنامە فەرمییەکان دەریدەخەن کە باراک مافی وەرگرتنی لە %20ـی قازانجی پڕۆژەیەکی گەورەی نیشتەجێبوونی لە کالیفۆرنیا هەیە، کە هەمان ئەم کۆمپانیایە بەڕێوەی دەبات.
ڕاگەیەندراوی هاوبەش: ناوبراو پێشتر لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشی دەرکردبوو و تێیدا پێشوازی لە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکەی غەندوور کردبوو بۆ نۆژەنکردنەوەی هێڵی بۆریی نەوتی کەرکووک - بانیاس.
تێچووی نۆژەنکردنەوەی هێڵی بۆریی نەوتی کەرکووک بۆ سووریا بە 15 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و لە دوای ساڵی 2003ـەوە ڕاوەستاوە؛ بەڵام ئێستا بەهۆی ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمزەوە، عێراق دەیەوێت وەک ڕێگەیەکی جێگرەوە و نوێ بۆ گەیاندنی نەوتەکەی بە دەریای ناوەڕاست کاری لەسەر بکات.
شارەزایانی دەستپاکی لە واشنتن هۆشداری دەدەن کە ئەم هەڵسوکەوتەی باراک پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای فەرمیی ئەمریکایە، چونکە هیچ بەرپرسێک بۆی نییە پۆستەکەی بۆ بەرژەوەندیی بازرگانیی خۆی یان کەسانی نزیکی بەکار بهێنێت.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرگری لە نێردەکەی دەکات و ڕایگەیاندووە کە ناوبراو هیچ سوودێکی داراییی ڕاستەوخۆ لە هێڵی نەوتەکە وەرناگرێت و تەواوی هەوڵەکانی لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەمریکادا بووە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی نوێی هەناردەکردنی وزە.