ڕاستەوخۆ

ئێران هۆشداریی توند دەداتە ئەو وڵاتانەی پابەندی سزاکانی ئەمریکان

reset font size increase font size

بەرپرسێکی سەربازیی باڵای ئێران هۆشداریی توند دەداتە ئەو وڵاتانەی هاوکاریی ئەمریکا دەکەن لە جێبەجێکردنی سزاکان دژی تاران و ڕایدەگەیێنێت، لە کاتی تێپەڕبوونی کەشتییەکانیان بە گەرووی هورمزدا ڕووبەڕووی "ئاستەنگی و گرفتی جدی" دەبنەوە.

ئەکرەمی نیا، گوتەبێژی سەربازیی ئێران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ئاژانسی "تەسنیم"ی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، "هەر وڵاتێک سزاکانی ئەمریکا بەسەر تاراندا بسەپێنێت، بێگومان لە کاتی تێپەڕبوونی بە گەرووی هورمزدا ڕووبەڕووی گرفتی جدی دەبێتەوە و باجەکەی دەدات."

ئەم لێدوانەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری بەکارهێنانی فشارە دەریاییەکان لە یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان لێکدەدرێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، ئەو بەرپرسە سەربازییە باڵایەی ئێران تیشکی خستە سەر دۆخی ناوخۆیی و سەربازیی وڵاتەکەی و ئاماژەی بەوە کرد، هیچ کام لە ئامانجەکانی "دوژمن" لە جەنگەکەدا نەپێکراون و بە پێچەوانەوە، فشارەکان بوونەتە هۆی ئەوەی یەکڕیزیی ناوخۆیی ئێران لە جاران بەهێزتر بێت.

ئەکرەمی نیا باسی لە پرسی ئاگربەستیش کرد و گوتی، "دوژمن بینی کە ناتوانێت بەرگریی ئێران تێکبشکێنێت و لە ڕێگەی سەربازییەوە بگاتە ئامانجەکانی، بۆیە لە کۆتاییدا ناچار بوو مەرجەکانی ئاگربەست قبووڵ بکات."

سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی ئێران لە قۆناغی ئێستادا، گوتەبێژە سەربازییەکە ئاشکرای کرد کە تاران کاتی ئاگربەستی بۆ مەبەستی ئامادەکاریی سەربازی قۆستووەتەوە و گوتی: "لە ماوەی ئەم ئاگربەستەدا، ئێران هێز و تواناکانی خۆی بە شێوەیەکی بەرچاو بەهێزتر کردووە. ئێمە بانکی ئامانجەکانی خۆمان نوێ کردووەتەوە و سەرلەنوێ پێگەی بەرگری و هێرشبەریی هێزەکانمان ڕێکخستووەتەوە بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو."

ئەم هەڕەشانەی ئێران لە کاتێکدایە، ئێستا گەرووی هورمز کە  یەکێکە لە ستراتیژیترین خاڵەکانی گواستنەوەی وزە لە جیهاندا لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندایە و بووەتە چەقی ململانێکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و هەر جۆرە ئاڵۆزییەک لەو ناوچەیەدا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و دروستبوونی تەنگژەی ئابووری جیهانی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.