شەوی ڕابردوو، چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و تێیدا چەند پرسێکی گرنگی وڵات تاوتوێ کران.
لە سەرووی هەمووشیانەوە پرسی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و هەڵمەتەکانی ئەم دواییەی حکومەت بوو.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هەموو لایەنەکانی بەشداربوی کۆبوونەوەکە پاڵپشتی ڕەهای خۆیان بۆ سەرجەم هەنگاوە حکومی و دادوەرییەکان دووپاتکردووەتەوە، کە ئامانجیان گەڕاندنەوەی متمانەیە بۆ پرۆسەی سیاسی.
لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی جەختیان لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی ئەم هەوڵانە کردەوە بە مەبەستی پاککردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە کەسانی گەندەڵ و کەمتەرخەم، و ڕێگریکردن لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی.
ئەم پاڵپشتییە لە کاتێکدایە، کە حکومەتی عێراق ماوەی چەند ڕۆژێکە هەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران و گەڕاندنەوەی پارەی دزراوی دەوڵەت دەستپێکردووە. تا ئێستاش لەو چوارچێوەیەدا چەندین بەرپرسی باڵا و پەرلەمانتار دەستگیرکراون و ملیۆنان دۆلار دەستیبەسەرداگیراوە.