عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتی گەیشتنی بۆ فڕۆکەخانەی سانت پترسبۆرگ، ئامانجەکانی سەردانەکەی بۆ ڕوسیا و دیدار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەی ڕاگەیاند.
عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد، "بەهۆی بارودۆخی شەڕەوە ماوەیەک لە کۆبوونەوەکانیان دابڕان دروست ببوو، بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە لە سەر پرسە ناوچەییەکان و پەرەسەندنەکانی جەنگ لەگەڵ مۆسکۆ ڕاوێژ بکەن".
وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها تیشکی خستە سەر سەردانەکانی بۆ پاکستان و عوممان و ڕایگەیاند، پاکستان وەک نێوەندگیر لە دانوستانەکانی تاران و واشنتن ڕۆڵ دەگێڕێت و پێویست بوو لە سەر هەڵوێستە ناڕاستەکانی ئەمریکا گفتوگۆ بکەن.
لە بارەی سەردانەکەیشی بۆ عوممان، عێراقچی جەختی لە گرنگی ئاسایشی گەرووی هورمز کردەوە و ڕایگەیاند، هەردوو وڵات وەک سەرپەرشتیارانی ئەم گەرووە، هەماهەنگی تەواویان هەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و دابینکردنی هاتوچۆیەکی ئارام لەم ڕێڕەوە جیهانییەدا.