باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق هۆشداریی بەپەلە دەدات و دەڵێت، لە 48 کاتژمێری داهاتوودا مەترسی ئەمنی لەناو بەغداد هەیە، بۆیە داوا لە هاوڵاتیانی دەکات بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکان و ئەگەری بۆردومانکردنی زانکۆ ئەمریکییەکان، دەستبەجێ خاکی عێراق بە جێبهێڵن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد، زانیارییان پێگەیشتووە کە ئێران و گرووپە چەکدارەکان بەنیازن زانکۆ ئەمریکییەکان لە شارەکانی بەغداد، سلێمانی و دهۆک بکەنە ئامانج. باڵیۆزخانەکە جەختدەکاتەوە کە ئەمە مەترسییەکی جدی و ڕاستەقینەیە بۆ سەر گیانی هاوڵاتیانی ئەمریکی لە ناوچەکەدا.
بەهۆی داخستنی ئاسمانی عێراق بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا، باڵیۆزخانەکە داوا لە هاوڵاتییانی دەکات تەنیا ڕێگە وشکانییەکان بەکاربهێنن. ڕێگەکانی وڵاتی ئوردن، کوەیت، سعودیە و تورکیا وەک تەنیا بژاردە دیاریکراون بۆ جێهێشتنی هەمیشەیی خاکی عێراق و گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەیان.
باڵیۆزخانە ئاماژەی بەوە کردووە، ئاسانکاریی بۆ وەرگرتنی ڤیزا لە دەروازەکان دەکرێت، تاوەکو گەشتیاران بێ زیان بگەڕێنەوە. هەروەها داوا کراوە هاوڵاتیان لە باڵەخانە و دامەزراوەکانی ئەمریکا دووربکەونەوە، چونکە مەترسیی بەردەوامی هێرشی موشەکی و درۆن لە ئاسمانی عێراقدا بوونی هەیە.