دەستەى ژینگەیی هەرێم بڵاویکردەوە، لەگەڵ دەستپێکردنی وهرزى گەشت و سەیران، هۆشدارى دەدەینە هاوڵاتیان کە فڕێدانی پاشماوەی وەک پلاستیک، پاکەتی خۆراک و شووشە دەبێتە مەترسى گەورە بۆسەر ژینگە، چونکە ئەم ماددانە دەیان ساڵیان پێویستە بۆ شیبوونەوە و دەبنە هۆی پیسبوونی خاک و ئاو.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، مەترسی بۆ سەر ژیانی ئەو ئاژەڵانە دروست دەکەن کە پاشماوەکان دەخۆن، پاراستنی پاکوخاوێنیی شوێنە گەشتیارییەکان بەرپرسیارێتییەکی گشتییە بۆ ڕێگریکردن لە تێکچوونی دیمەنە سروشتییەکان.
دەشڵێن، پیسبوونی توخمێکی ژینگەش دەبێتە هۆی ناهاوسەنگی ژینگەیی لەسەرجەم توخمەکانی دیکەدا، هەروەها پیسبوونی هەوا دەبێتە هۆی پیسبوونی ئاو و دروستبوونى کارەساتی ژینگەیی بۆ ڕووەک و ئاژەڵ و مرۆڤ.
باسلەوەشکراوە، ژینگە پێویستی بە چەندین ساڵ هەیە بۆ ئەوەی خۆی چاک بکاتەوە لەو زیانانەی کە بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە ڕووبەڕووى بووەتەوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، وەرزی بەهار باڵندەکان دەست بە هێلانە دروستکردن دەکەن و زۆربەی ئاژەڵە کێوییەکانیش زاوزێ دەکەن و تێکدانی ئیکۆسیستەم لەم قۆناغە هەستیارەدا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی جۆراوجۆریی زیندەوەران .