پارێزگای ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێگەی یەکەمی خۆی لەسەر ئاستی ئێران لە بەرهەمهێنانی نەمامدا پاراستووە؛
ساڵانە حەوت ملیۆن و 500 هەزار نەمامی ناسنامەدار و پێوانەیی لەو پارێزگایە بەرهەم دەهێنرێت، کە دەکاتە نێوەندی ڕۆژانە نزیکەی 21 هەزار نەمام.
ئەم بڕە زۆرەی بەرهەمهێنان نەک تەنیا پێداویستیی ناوخۆیی پارێزگاکە و ناوچەکانی دیکەی وڵات دابین دەکات، بەڵکو وەک سەرچاوەیەکی گرنگی ئابووریی کەرتی کشتوکاڵ لە ناوچەکەدا دەبینرێت.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشەنگییە لە بەرهەمهێنانی نەمامدا، کەرتی گوڵخانەیی پارێزگای ورمێش لە بەهاری ئەمساڵدا گەشەیەکی بەرچاو و مێژوویی بەخۆیەوە بینیوە.
بەگوێرەیگوتەی شەبنەم جەلیلزادە، بەرپرسی باخەوانیی و کشوتکاڵی پارێزگای ورمێ، ڕووبەری ژێر چاندنی کشتوکاڵی نوێ لەو سێکتەرەدا بە ڕێژەی 17% زیادی کردووە؛
ئەمەش وەک نیشانەیەکی ڕوون بۆ پێشکەوتن و مۆدێرنکردنی کەرتی کشتوکاڵی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەژمار دەکرێت کە پشتبەستن بە تەکنەلۆژیای نوێی ئاودێری و چاندن بەرز دەکاتەوە.