بە بۆنەی تێپەڕبوونی 111 ساڵ بە سەر کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان، کە لە 24ـى نیسانی 1915 دەستی پێ کرد، لە چەندین شاری باکوری کوردستان و تورکیا داوای بە فەرمی ناساندنی کۆمەڵکوژییەکە کرا.
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ڕاگەیەنراوێکدا جەختی لەوە کردەوە، ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستییە مێژووییەکان مەرجی سەرەکییە بۆ ساڕێژکردنی برینەکان، داوای لێبوردن و قەرەبووکردنەوە بنەمایە بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی هاوبەش و ئاشتیی کۆمەڵایەتی.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، نکۆڵیکردن لە کۆمەڵکوژی، بەردەوامیدانە بە خودی کۆمەڵکوژییەکە، ئەو تاوانەی سزا نەدرێت، بەردەوام دووبارە دەبێتەوە.
کۆمەڵەکە ئاماژەی بەوەیش کرد، تاڵانکردنی ماڵ و موڵک و سامانێکی زۆر، کە بە بەهای ئەو کات بە 22 ملیۆن دۆلار خەمڵێندراوە، بەشێک بووە لە ئەم تاوانە. ئەو پێشێلکارییانەی ئێستا دەکرێن، درێژکراوەی هەمان عەقڵیەتی دەوڵەت و میراتی ئەو قڕکردنەیە کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بەرانبەر بە گەلانی مەسیحی (ئەرمەنی، سریانی و ڕۆم) ئەنجام دراوە.