بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی پەرلەمانی تورکیا، سەدان دۆسیەی یاسایی بۆ لادانی پارێزبەندیی پەرلەمانتاران پێشکەش بە لیژنە پەیوەندیدارەکان کراون، زۆربەیان پەرلەمانتارانی دەم پارتی دەگرێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا، لە ئێستادا 1052 دۆسیەی لادانی پارێزبەندی لە دژی 145 پەرلەمانتار لە لیژنەی دەستوور و داد هەن.
لە ئامارەکەدا هاتووە، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، بە بوونی 628 دۆسیە لە دژی 43 پەرلەمانتار زۆرترین پشکی بەرکەوتووە.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا لیستی ئەو پەرلەمانتارانەی بڵاوکردووەتەوە کە لە ساڵی 2015ـەوە بە هۆکاری جیاواز پارێزبەندییەکەیان لادراوە. لە لیستەکەدا ناوی چەندین کەسایەتیی سیاسیی وەک فیگەن یوکسەکداغ، فەرهاد ئینجۆ، عوسمان بایدەمیر، لەیلا گوڤەن، موسا فارس ئۆغوڵاری و جان ئەتەلای هاتووە.