دوای بڕیاری دادگە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی کۆنگرەی 38ـەمی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، ئۆزگور ئۆزەل ڕایگەیاند, جارێکی تر وەک سەرۆکی پارتەکە دەستبەکار دەبێتەوە و جەختی لە ئەنجامدانی کۆنگرە لە زووترین کاتدا کردەوە.
لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە، ئۆزگور ئۆزەل وەڵامی بڕیارەکەی دادگەی دایەوە و ڕایگەیاند, تا کاتی بەستنی کۆنگرە وەک سەرۆکی فراکسیۆن لە ئەرکەکانیدا بەردەوام دەبێت. گوتیشی: "دوای کۆنگرەش وەک سەرۆکی گشتی و سەرۆکی فراکسیۆن لە ئەرکدا دەبم و گوتاری کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنەکەمان پێشکەش دەکەم".
ئۆزگور ئۆزەل دەنگۆی ڕێککوتنی لەگەڵ کەمال کڵچدارئۆغڵو ڕەت کردەوە و ئاشکرای کرد، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پێی ڕاگەیاندووە دەبێت لە گونجاوترین کاتدا کۆنگرە بکرێت. لەو بارەیەوە گوتیشی: "هاوڕێیان سازانێکی وەها لە ئارادا نییە، بە کڵچدارئۆغڵوم گوت، گونجاوترین کات، زووترین کاتە، چونکە ئەرکی سەرشانمانە پارتەکەمان لەم قۆناغە ناڕەوایە ڕزگار بکەین".
سەرۆکی پێشووی جەهەپە بڕیارەکەی دادگەی بە سیاسی و ناڕەوا ناوبرد و ئاماژەی بەوە کرد، تەنانەت جەماوەری ئاکپارتیش بەو هەنگاوە نیگەرانن.