لە ڕاپۆرتێکی سکای نیوزی عەرەبیدا هاتووە، کۆمەڵێک بەربەستی نوێ هاتوونەتە ڕێی دانوستانەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە جەنگ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.
سەرچاوەیەک تایبەت بە سکای نیوز عەرەبی ڕایگەیاندووە، ئاستەنگە سەرەکییەکان پەیوەندییان بە کردنەوەی گەرووی هورمز و پرسی ڕادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوەوە هەیە. گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکان و نزیکەی پێنج یەکی هەناردەی وزەی جیهانی بەوێدا تێدەپەڕێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، ئێران چەند مەرجێکی بۆ کردنەوەی کاتیی گەرووی هورمز داناوە، لەوانە، ئازادکردنی پارە بلۆک کراوەکانی، هەڵگرتنی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران و کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکە.
ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند: "تاران داوا دەکات پێش چوونە ناو مۆڵەتی 30 ڕۆژەوە، گفتوگۆ لەسەر پرۆتۆکۆڵێکی تایبەت بە تێپەڕبوونی ئارام بکرێت بۆ کردنەوەی گەرووەکە".
لە لایەکی دیکەشەوە، ئێران داوای میکانیزمێکی ڕوون دەکات بۆ هەڵگرتنی سزاکان لە بەرانبەر ڕادەستکردنی بڕێک لە یۆرانیۆمی پیتێنراو. تاران جەختی لەوە کردووەتەوە، دەبێت هەڵگرتنی سزاکان هاوتەریب بێت لەگەڵ هەنگاوە ئەتۆمییەکانی، لە کاتێکدا پێشتر لێکتێگەیشتن هەبووە، کە بەشێک لە سزاکان لە بەرانبەر ڕادەستکردنی بەشێک لە یۆرانیۆمەکە هەڵبگیرێن.