لە میانی سەردانێکیدا بۆ وەزارەتی دارایی، عەلی فالح زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، عێراق بە دۆخێکی دارایی و ئابووریی هەستیاردا تێدەپەڕێت و پێویستە چیدیکە تەنیا پشت بە داهاتی نەوت نەبەسترێت.
ئەمڕۆ شەممە 23ی ئایاری 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی وەزارەتی دارایی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتەکە کۆبووەوە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەکەی، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە، گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کاریگەرییان لەسەر هەناردەی نەوت و داهاتی عێراق هەبووە و دەبێت (پلانی عێراق 2035) ببێتە نەخشەڕێگەی داهاتوو.
عەلی فالح زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەبارەی دۆخی ئابوورییەوە ڕایگەیاند، پشتبەستنی 90%ی بودجەی عێراق بە نەوت مەترسیدارە و گوتی: "دەبێت بە ڕاشکاوی ڕاستییەکان بۆ هاووڵاتییان باس بکەین و کار بۆ فراوانکردنی ئابووریی نانەوتی بکەین، بەبێ گەورەکردن یان جوانکردنی ڕاستییەکان".
سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاشیگەیاند: "مووچەی فەرمانبەران دەبێت لە کاتی خۆیدا خەرج بکرێت بۆ ئەوەی خەڵک تووشی دڵەڕاوکێ نەبێت، هەروەها ڕێنماییم داوە بە خەرجکردنی شایستەی دارایی جووتیاران و بەڵێندەرانیش تاوەکو کارەکانیان پەک نەکەوێت".
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، پێویستە کەرتی تایبەت گەشەپێدانی وڵات بگرێتە ئەستۆ و گوتیشی: "سیستەمی ئەلیکترۆنی کۆتایی بە گەندەڵی و یاریپێکردن لە گومرگەکاندا دەهێنێت، هەروەها ڕێنماییم داوە، وێنەی سەرۆکوەزیران و وەزیرەکان لە فەرمانگەکاندا هەڵنەواسرێن، چونکە دەمانەوێت خەڵک کارەکانمان ببینن نەک وێنەکانمان".