لە دیدارێکدا لە تاران، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و عاسیم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان، دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و دانوستانەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگیان تاووتوێ کرد.
عاسیم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان گەیشتە تاران و لەگەڵ محەمەد باقر قالیباف کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا محەمەد قالیباف پێزانینی خۆی بۆ پاڵپشتییەکانی حکومەت و خەڵکی پاکستان دەربڕی و ئەو هاوکارییانەی بە نموونەیەکی باڵای پەیوەندیی نێوان وڵاتە ئیسلامییەکان پێناسە کرد.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەبارەی هەوڵەکانی پاکستان بۆ ناوبژیوانی لەگەڵ ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێمە لە مافە ڕەواکانی وڵاتەکەمان دەست هەڵناگرین، بەتایبەت لەگەڵ لایەنێک، کە ڕاستگۆ نییە و متمانەی پێ ناکرێت. گوتیشی: "ئێمە لە مەیدانی جەنگدا بە بوێرییەوە بەرگریمان کرد، لە بواری دیپلۆماسییشدا بەهەمان هێزەوە کار بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانمان دەکەین".
قالیباف ڕەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا گرت و ڕایگەیاند، کاتێک ئەمریکا جەنگی دەستپێکرد ئێمە لە دانوستاندا بووین، ئێستایش کە داوای کۆتاییهێنان بە جەنگ دەکەن، هەر ئەوان بوون بە شکاندنی بەڵێنەکانیان گەمارۆی دەریایییان سەپاند. ناوبراو هۆشداریی دایە واشنتن و گوتی: "هێزە چەکدارەکانمان لە کاتی ئاگربەستدا لە ئامادەکاری دان، ئەگەر ترامپ گەمژەیی بکات و جەنگ دەستپێبکاتەوە، بێگومان بۆ ئەمریکا تاڵتر و چەقبەستوو تر دەبێت، بە بەراورد بە ڕۆژانی سەرەتای جەنگەکە".
لە لایەکی دیکەوە، عاسیم مونیر سڵاوی سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی باڵای پاکستانی گەیاندە قالیباف و ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی هیوای باشی بۆ ئێرانییەکان هەیە. ڕاشیگەیاند: "وەک سەربازێک ڕاشکاوانە قسە دەکەم، خۆشحاڵم ئێران لەلایەن کەسانێکی ژیر و خاوەن ڕوانگەی بەرزەوە بەڕێوە دەبرێت".