تیمە شوێنەوارناسییەکان لە ناوچەی بیلبیلە (بولبول) لە عەفرینی ڕۆژاڤای کوردستان، چەندین پارچە شوێنەواری کۆنیان دۆزراوە کە نووسین و هەڵکۆڵراوی زمانی لاتینیان لەسەرە؛
شوێنەوارەکان دوای دۆزینەوەیان بۆ پاراستن گواستراونەتەوە بۆ مۆزەخانەی نیشتمانیی حەلەب.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی سانای سوری، شوێنەوارە دۆزراوەکان پێکهاتوون لە بەردی گۆڕستان و ستوونی مێژوویی.
بوونی ئەو نووسینانە بە زمانی لاتینیی کۆن گرنگیی شوێنەوارەکان زیاتر دەکات و لایەنی نوێ لە مێژووی ناوچەکە دەردەخات و تیمە پسپۆڕەکان دوای بەڵگەنامەکردن و لێکۆڵینەوەی سەرەتایی، تەواوی پارچەکانیان ڕادەستی مۆزەخانەی حەلەب کرد.
ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستنی ناوچە شوێنەوارییەکانی عەفرین و ڕێگریکردن لە تاڵانکردنی کەلەپووری کولتووریی ناوچەکە دەبینرێت، کە دەوڵەمەندە بە پێگەی گرنگ وەک پەرستگای عەین دەرا و شوێنەوارەکانی تر.