مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، گۆڕانکاری لە نرخی ئاڵوگۆڕی دراودا بەشێکە لە هەنگاوی پێشوەختە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر قەیرانێک و پاراستنی سەقامگیریی ئابوریی و دارایی وڵات و ئاشکراشی دەکات، کە پرۆسەی دابینکردنی پارە بۆ بازرگانیی دەرەکی بەشێوەیەکی بەردەوام و ئاسایی بەڕێوە دەچێت.
ناوبراو ڕوونی کردەوە، جێگیریی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە بەردەستبوونی دراوی بیانی و توانای ئابوریی وڵات لە دابینکردنی پێداویستییەکانی بازرگانیی دەرەکی و بەهۆی ئاڵۆزی و ئاڵەنگارییە هەرێمایەتییەکان، بەتایبەت لێکەوتەکانی شەڕ و کاریگەرییەکانی لەسەر هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی گەروی هورمزەوە، عێراق پێویستی بە گرتنەبەری رێکاری وشیارانە و پێشوەختە هەیە بۆ پاراستنی داهاتی نەوت.
ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیران جەختی لەوە کردەوە، ئەو رێکارانە بە مانای بوونی ئاڵۆزی یان کەلەبەر لە ئابوریی عێراقدا نایەن، بەڵکو تەنیا وەک خۆئامادەکردن و دروستکردنی پەناگەیەکی ئارامی داراییە و حکومەت لە ڕێگەی گومرک، باج و بەردەوامیی پاڵپشتیکردنی بەرهەمە سەرەکییەکانی وەک خۆراک، دەرمان و سووتەمەنی، ڕێگە نادات بارگرانی بکەوێتە سەر شانی هاووڵاتییان و ئامانج لەم هەنگاوانە پاراستنی ئاستی بژێوی و توانای کڕینیانە لە هەر شۆکێکی دەرەکیی بازاڕی نەوتدا.