ڕاستەوخۆ

فراکسیۆنی یەکێتی داوای بەدواداچوون بۆ داربڕینەوەکەی بادینان دەکات

reset font size increase font size

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوای کرد لیژنەیەکی هاوبەش لە هەردوو لیژنەی کشتوکاڵ و ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان پێکبهێنرێت، بە مەبەستی ئاشکراکردنی ڕاستییەکانی بڕینەوەی بەردوامی درەختەکانی سنووری پارێزگای دهۆک لەلایەن سوپا و کۆمپانیا تورکییەکانەوە.

لە داواکارییە فەرمییەکەیدا، هەرێم کەمال ئاغا جەختی کردەوە کە ئەو دەستدرێژی و ڕەفتارانە مەترسیی جیدی لەسەر ژینگەی سروشتی، تەندروستیی هاووڵاتییان و سامانی ئاژەڵیی ناوچەکە دروستکردووە و بووەتە هۆی ناڕەزایەتییەکی بەربڵاو.

 ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە ناوچەکە دەکەوێتە چوارچێوەی کەرتی فەرماندەیی هێزەکانی سنووری وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بۆیە داوای کرد بەپشتبەستن بە ماددەی 33ی دەستووری عێراق و یاسای پاراستنی ژینگەی ژمارە 27ی ساڵی 2009، ڕێکاری بەپەلە بۆ پاراستنی ژینگەی بادینان بگرێتە بەر.

ئەم هەنگاوەی فراکسیۆنی یەکێتی لە کاتێکدایە کە بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکانی تایبەت بە بارهەڵگرەکانی دار لە گوندەکانی ئامێدی و بەرواری باڵا کاردانەوەی بەرفراوانی لێکەوتووەتەوە.

سەرەڕای ئەوەی پێشتر پارێزگاری دهۆک بڕینەوەی درەخت لە سنوورەکەیان ڕەتکردبووەوە، بەڵام شایتحاڵەکان، لەوانەش موختاری گوندی ئەرەدنێ، لەگەڵ وێنەی مانگە دەستکردەکان، بەردەوامیی پرۆسەی بڕینەوە و تاڵانکردنی دارستانەکانی ناوچەکەیان لەلایەن سوپا و بەڵێندەرانی تورکیاوە پشتڕاست کردووەتەوە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.