فەرهاد ئەترووشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، هۆشداری دەدات لەبارەی ناوەڕۆکی ڕەشنووسی بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2027 و ڕایگەیاند، ڕەشنووسەکە چەندین "خاڵی خراپ" بۆ هەرێمی کوردستان تێدایە، ئەوەش دوای ئەوە هات کە ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ فالح سەرایی، وەزیری دارایی عێراق کۆبووەوە.
ئەترووشی لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە دا که لە کاتی کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی هەوڵی داوە ڕەشنووسی بودجەکە بشارێتەوە و ڕەتی کردووەتەوە کە کۆپییەکی لێلایە، بەڵام ناوبراو پێشتر کۆپییەکی دەستکەوتووە و بۆی دەرکەوتووە کە چەندین ماددەی ناخۆش و زیانبەخش بۆ هەرێمی کوردستان تێیدا جێگیر کراون، بەتایبەت ماددەی 10 کە تەواوی وردەکارییەکانی پەیوەستن بە هەرێمی کوردستانەوە و چەندین خاڵی تێداکراوە کە بە گوتەی ناوبراو وەک ڕێکاری "سزادان" بەکاردێن ئەگەر هەربێری کوردستان داواکارییەکانی بەغدا قبوڵ نەکات.
هەولێر پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە پشکەکەی لە بودجەدا لەسەر بنەمای ڕێژەی دانیشتووانەکەی بێت کە بە 14.14٪ خەمڵێنراوە، و لە ناوەڕاستی ئەیلوولیشدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاندبوو کە هەر ڕێژەیەک کەمتر لەوە بێت بە "نادادپەروەری" هەژمار دەکرێت، لە کاتێکدا بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان، بەغدا لە ڕەشنووسی ئێستادا هەمان ڕێژەی پێشووی واتە 12.67٪ـی جێگیر کردووە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوەش کردەوە کە بوار بۆ گۆڕانکاری لە ڕەشنووسەکەدا هەیە و ئەوان نیەتی لایەنی بەرامبەر بە خراپ ناژنێن، بەڵام ئەوە پێویستی بە گفتوگۆی چڕ هەیە. هاوکات ئاماژەی بەوەشدا کە هەوڵەکانیان دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی ڕێگری لە تێپەڕاندنی بودجەکە بەو شێوەیە ئێستا هەیە بکەن.