عەباس موسەوی، جێگری سەرۆکی نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند، مەسعود پزیشکیان بە بڵاوکردنەوەی ناوی کوژراوانی خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکان و پێداگری لەسەر گەڕاندنەوەی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی لە کاتی جەنگدا، سیمایەکی نوێی لە دەسەڵاتداری پیشان داوە.
لەبارەی خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە 28ی کانوونی یەکەمی 2025 دەستیان پێکرد، مووسەوی ئاماژەی بەوە کرد، دوای روودانی ئەو پێکدادانە گەورانە، سەرۆککۆمار فەرمانی لێکۆڵینەوەی دەرکرد و لیژنەیەک ناوی سێ هەزار و 117 کوژراوی بە کۆدی نیشتمانییەوە بڵاو کردەوە.
جێگری سەرۆکی نووسینگەی پزیشکیان ئامارەکانی ئاژانسی هرانا (کە باسی لە دەستگیرکردنی 53 هەزار و 552 کەس دەکرد) و میدیاکانی دیکە و ئامارەکانی دۆناڵد ترەمپ (کە کوژرانی نزیکەی 40 هەزار کەسیان ڕادەگەیاند) ڕەت کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، کە زۆربەی کوژراوان هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی ئاسایی بوون کە لەلایەن چەکدارانی سەر بە نەیارانەوە کرابوونە ئامانج، بڵاوکردنەوەی ناوەکانیشی وەک هەنگاوێک بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانی ئامارە ناڕاستەکان وەسف کرد.
سەبارەت بە پچڕانی 88 ڕۆژەی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی لە دوای دەستپێکی جەنگی 40 ڕۆژە لە 28ی شوباتی ئەمساڵدا، عەباس موسەوی ڕوونی کردەوە کە سەرڕای ئاستەنگییەکان و پاساوە ئەمنییەکان، مەسعود پزیشکیان ڕاستەوخۆ فەرمانی بە پێکێنانی لیژنەیەک دا و سەرەڕای دژایەتییە ناوخۆیییەکان، بە تووندی داوای گەڕاندنەوەی خێرای ئینتەرنێتی کرد.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بە ناکۆکییەکانی ناو دەسەڵات کرد و هۆشداریدا، هیچ لایەنێک ناتوانێت دەرفەتی یەکڕیزی بۆ ڕێگری لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵک بقۆزێتەوە.