بەهای تمەنی ئێرانی بەهۆی بەردەوامیی گەمارۆ ئابووری و دەریایییەکان و ناڕوونیی پەیوەندییە سیاسییەکانی تاران لەگەڵ واشنتن لە سایەی دۆخی نە شەڕ و نە ئاشتیدا، تووشی داڕمان و پاشەکشەی خێرا بووەتەوە و بازاڕەکانی دراوی لە ئێران و ناوچەکەدا تووشی پشێوی کردووە.
ئەم دۆخە وای کردووە هاوڵاتییانی ئێران بۆ پاراستنی بەهای سامانی ڕۆژانەیان بە لێشاو پەنا بۆ کڕینی زێڕ، دۆلار و یۆرۆ بەرن. لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕدا، نرخەکان گەیشتوونەتە ئاستێک کە مامەڵەکردن بە 100 دۆلاری ئەمریکی گەیشتووەتە 22 ملیۆن و 800 هەزار تمەن بە شێوازی حەواڵە و 21 ملیۆن و 100 هەزار تمەن بە شێوەی کاش.
بەمەش لە ماوەی 17 ڕۆژدا، بەرامبەر بە نرخی 2ی ئەیلول، دراوەکە نزیکەی 1 ملیۆن تمەنی لە بەهای خۆی بۆ هەر 100 دۆلارێک لەدەستداوە، ئەمە لە دوای ئەوەی لە 14ی ئەم مانگەدا بەرزترین ئاستی دابەزینی تۆمار کرد کاتێک نرخی 100 دۆلار گەیشتە 23 ملیۆن و 500 هەزار تمەن.
لە ئێستادا هێزی کڕینی تمەن گەیشتووەتە نزمترین ئاست و تەنها بە چوار هەزار و 385 دۆلار دەتوانرێت یک ملیار تمەن بکڕدرێت، یان کڕینی 100 ملیۆن تمەن پێویستی بە کەمتر لە 440 دۆلار هەیە.
لە ڕووی مێژوویییەوە، کاتێک لە ساڵی 1958دا 500 هەزار تمەن لە مارەییی شاهانەدا سەرمایەیەکی گەورە بووە، سەراوبوونی بەهای دراوەکە گەیشتووەتە جۆرێک کە تەواوی ئەو بڕە لە ئێستادا ناگاتە بەهای 350 دیناری عێراقی.