ڕاستەوخۆ

گابار چۆلی، فیلمساز و چالاکوانی کورد: هەشت مانگ لە زیندانێکی ئەمریکا بە زۆرەملێ خواردنم پێدرا

reset font size increase font size

گابار چۆلی، فیلمساز و چالاکوانی کورد کە پێشتر لە کەنەدا دەژیا، بۆ یەکەم جار لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی گاردیەنی بەریتانی باسی لە ئەشکەنجەدانی خۆی کرد لە کاتی دەستبەسەرکرنیدا لەلایەن ئیدارەی کۆچ و کۆچبەرانی ئەمریکا (ICE) و ڕایگەیاند کە بۆ ماوەی هەشت مانگ لە کاتی مانگرتنیدا لە خواردن، بە زۆر خۆراکیان پێداوە.

ئەم فیلمسازە کوردە کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و پێشتر لە کەنەدا وەک چالاکوان و فیلمساز کاری کردووە، دوای ئەوەی داوای مافی پەنابەرییەکەی لە ئەمریکا ڕەتکرایەوە، لە شوباتی ٢٠٢٥ لە لایەن پۆلیسی کۆچی ئەمریکاوە دەستبەسەر کرا.

 ناوبراو بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بارودۆخی زیندان و کەیسەکەی دەستی داوە بەر مانگرتن لە خواردن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گاردیەن، کاربەدەستانی دەستبەسەرگەی فیدراڵی پۆرت ئایزابێل لە تەکساس، لە کۆتایی ئایاری ٢٠٢٥ تا کاتی دیپۆرتکردنەوەی لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا، بە شێوەیەکی زۆرملێ و هەفتانە چەندین جار، بۆڕی خۆراکیان بە لووتیدا کردووەتە خوارەوە بۆ ناو گەدەی.

چۆلی ئەوەی خستووەتەڕوو کە ئەم پرۆسەیە لە لایەن کۆمەڵێک پاسەوان و پزیشکەوە بە بەستنەوەی جەستەی ئەنجام دراوه، کە لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤەوە بە "ئەشکەنجە" دەناسرێت.

گابار چۆلی سەبارەت بەو ڕەفتارە دەڵێت: "ئەمە لە ڕووی دەروونییەوە منی تێکشکاند... گەیشتمە ئەو باوەڕەی کە نامەیەک بۆ جەستەی خۆم بنووسم و داوای لێبووردنی لێ بکەم."

هەروەها ئاماژەی بەوەش داوە کە لە هەندێک لە پرۆسەکاندا پەرستارەکان بۆڕییەکەیان بە توندی بە لووتیدا قورس کردووە بە جۆرێک کە ناوەوەی لووتی بریندار بووە و خوێنی لێ هاتووە، و پاشان خستوویانەتە ژووری تاکەکەسییەوە.

هەر بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی گاردیەن، لە نێوان کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ تا سەرەتای ئابی ٢٠٢٦، ئیدارەی کۆچی ئەمریکا (ICE) مۆڵەتی دادوەری بۆ زۆرملێ خواردندان بە لەنیکەم ١٨ مانگرتوو لە دەستبەسەرگەکاندا وەرگرتووە، کە کەیسی گابار چۆلی یەکێکە لە درێژترین و تۆمارکراوەترین حاڵەتەکان لەم بوارەدا.

سەرەڕای ئەوەی دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەم ڕێکارە تەنها بۆ پاراستنی ژیانی دەستبەسەرکراوەکان ئەنجام دەدرێت، بەڵام پسپۆڕانی پزیشکی و چالاکوانانی مافی مرۆڤ ئەم جۆرە ڕەفتارانە بە پێشێلکاریی ئاشکرای مافی مرۆڤ و ئەشکەنجە دادەنێن. چۆلی کە ئێستا دوای دیپۆرتکردنەوەی لە کەنەدا دەژی، بە سەختی بریندار بوونی سییەکانی، گەدە و گەرووی بەهۆی ئەو زۆرملێیەوە ڕاگەیاندووە.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.