بزووتنەوەی هیلالی زێڕین بۆ کلتور و هونەر لە شاری حەسەکە چالاکییەکی تایبەتی بۆ بەرزڕاگرتنی یادی هونەرمەندی کۆچکردوو (ئارام تیگران) بەڕێوە برد. لە چالاکییەکەدا ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران، هونەرمەندان و نوێنەرانی پێکهاتە جیاوازەکانی ناوچەکە ئامادە بوون.
عیماد تاتاریان، ڕاوێژکاری گشتیی دامەزراوەی کۆمەڵایەتی و کلتوریی ئهرمەنی، بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و جەختی لەوە کردەوە، ئارام تیگران بۆ تەواوی پێکهاتەکانی ناوچەکە گۆرانی گوتووە و بە دەنگە ڕەسەنەکەی توانوویەتی گەلانی کورد، ئهرمەن و عەرەب لە دەوری یەکتر کۆ بکاتەوە.
عیماد تاتاریان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو هونەرمەندە گەورە وەک فێرگەیەکی خۆشەویستی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بووە و لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە پەیوەندیی نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی بەهێز کردووە.
گوڵبەهار قامیشلۆ، بەڕێوەبەری تەڤگەری میزۆپۆتامیا بۆ کلتور و هونەر ڕایگەیاند: "دەنگی ئارام تیگران لە نێو پێکهاتەکاندا بووەتە سیمبولی ئازادی و پێکەوەژیان و کەلەپوورە هونەرییەکەی شوێنەوارێکی قووڵی لە بیرەوەریی گەلانی کوردستاندا جێهێشتووە".
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەی یادکردنەوەکەدا، فیلمێکی بەڵگەنامەیی دەربارەی ژیان و خەباتی هونەریی ئارام تیگران نمایش کرا، هاوکات چەندین بڕگەی شانۆیی و گۆرانی پێشکەش کران.