لە چوارچێوەی ئەو چالاکییانەی کە بۆ ڕۆژی جیهانی میراتی جیهانی لە ١٨ـی نیسان بەڕێوە دەچێت، وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتى کاتى سوریا لە ڕێگەی پڕۆژەی "هەفتەی میراتی سوریا"، میراتە دەوڵەمەندە کولتوورییەکان بەڵگەنامە دەکات.
بە درێژایی هەفتەکە، چالاکى زانستیی، چەندین پانێڵ و نمایشى کولتووریی نمایش دەکرێت هەروەها لە میانى بەڕێوەچوونى چالاکیەکە نمایشی کارى دەستی نمایش دەکرێت، ئەوەش بە ئامانجی ئاشناکردنى هاوڵاتیان بە کلتورى پێکهاتە جیاوازەکان .
لەوبارەوە جەعفەر ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕایگەیاند: چیرۆکی ئەفسانەیی، پەند، مۆسیقای فۆلکلۆر و سەما توخمە جەوهەریەکانن کە ناسنامەى پێکهاتەکان دەپارێزن.
گوتیشى: جەخت لەسەر گرنگی شێوازەکانی بەڵگەنامەسازی مۆدێرن دەکەینەوە، بەڵام پاراستنی میراتی کولتووری تەنیا بەرپرسیارێتی هاوبەشی دامەزراوەکان نییە، بەڵکوو ئەرکى هەموو کۆمەڵگایە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ماوەى ڕابردوودا حکومەتى کاتى سوریا بە پێشێلکردن و هێرشکردنەسەر پێکهاتە جیاوازەکانى سوریا تاوانبار کرا .