ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٧ی تەممووزی ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیرە پەیوەندیدارەکان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشنیازەکانی تایبەت بە چارهسهری کەمیی بەنزین و پێداچوونەوە بە نرخەکانیدا.
کۆبوونەوەکە دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی یەکشەممە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، ئیدارە سەربەخۆکان و ئەنجوومەنی بەنزینخانەکان زنجیرەیەک پێشنیازیان بۆ ڕێکخستنەوەی بازاڕ ئامادەکرد.
بڕیارە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا چەند خاڵێکی سەرەکی بڕیاریان لێبدرێت، لەوانە دابەشکردنی بەنزینی ٧٥٠ دیناریی پاڵپشتیکراو لە ڕێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە بەسەر شۆفێراندا، تاوەکو ڕێگری لە قۆرغکاری بگرێت.
هەروەها تاوتوێی گۆڕینی نرخی بەنزینی موحەسەن و سوپەر دەکرێت بەگوێرەی تێچووی ڕۆژانەی هاوردەکردن، تاوەکو کەرتی تایبەت بەردەوام بێت لە دابینکردنی سووتەمەنی.
ئەم هەنگاوانەی حکومەت لە کاتێکدان کە دوای دیاریکردنی نرخەکان لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە، هاوردەکردنی بەنزین کەمی کردووە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەتایبەت لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، ئۆتۆمبێلەکان ڕیزی درێژیان لە بەرامبەر بەنزینخانەکاندا بەستووە.