لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ نووچە تیڤی، جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، پەیامێکی ئاڕاستەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و هەڵسەنگاندنی بۆ گۆڕانکارییەکانی کوردستان و ناوچەکە کرد.
لەبارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، جەمیل بایک جەختی لەوە کردەوە، دەبێت کورد لە ڕۆژهەڵات خۆیان ڕێکبخەن و خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕ ئامادە بکەن.
سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان و سیاسەتی تورکیا، هاوسەرۆکی کەجەکە ڕوونی کردەوە، ئەوان دەیانەوێت لە ڕێگەی پرۆسەی ئاشتی و بە ڕێگەی دیموکراتی دەستکەوتی گەورە بۆ گەلی کورد بەدەستبهێنن و پرسی کورد چارەسەر بێت.
جەمیل بایک جەختیشی کردەوە، بۆ ئەگەری شکستی پرۆسەکە و سەپاندنی شەڕی گەورەش خۆیان بە تەواوی ئامادە کردووە و بە هیچ شێوەیەک لە خەباتی ئازادی لە هەر چوار بەشی کوردستان پاشەکشە ناکەن.