دوای کشانەوەی تەواوەتیی هێزە بیانییەکان لە عێراق و نەبوونی هیچ پاساوێک بۆ مانەوەی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، هاوپەیمانیی چارچێوەی هەماهەنگی هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە تاوەکو لە ڕێگەی یاسای نوێی حەشدی شەعبییەوە، بەرگێکی فەرمی و یاسایی بکە بە بەری گروپە چەکدارەکاندا و بیانخاتە ژێر چەتری دەوڵەتەوە.
دیاریکردنی وادەی کۆتایی و پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە
لە دوایین کۆبوونەوەیدا، چوارچێوەی هەماهەنگی وێرای ستاییشکردنی گروپە چەکدارەکان بۆ ڕاگرتنی چالاکییە سەربازییەکانیان و پابەندبوونیان بە بڕیارەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە، بڕیاری دا کە گفتوگۆکانی لیژنە تایبەتمەندەکان بەردەوام بن و ڕۆژی ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٧ـیشی وەک دواوەدە بۆ چەککردنی یەکجارەکیی گروپەکان و ڕێکخستنەوەیان دیاری کرد.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ٢٩ی ئەیلوولی ڕابردوودا، واتە تەنیا ڕۆژێک پێش کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق جارێکی تر پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبیی پەسەند کردەوە و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆ خوێندنەوە و پەسەندکردنی.
ئایا تێبینییەکانی واشنتن و پێکهاتەکان لەبەرچاو گیراون؟
پڕۆژەیاسای پێشووی حەشد (کە لە ١٨ ماددە پێکهاتبوو و حەشدی وەک بەشێک لە هێزە چەکدارەکان و ڕاستەوخۆ لە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیدا ڕێکخستبوو) بەهۆی نیگەرانییەکانی واشنتن و ناڕەزایەتیی لایەنە کوردی و سوننییەکانەوە لە پەرلەمان ڕەت کرایەوە، چونکە لایەنەکان پێیان وا بوو دەسەڵاتی زۆر فراوان بە گروپەکان دەدات.
شارەزایانی ئەمنی و چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە سەرکەوتنی پڕۆژەیاسا نوێیەکە لە پەرلەماندا بە تەواوی بەستراوەتەوە بەوەی کە ئایا تێبینی و نیگەرانییەکانی ئەمریکا، کورد و سوننە لە پڕۆژە نوێیەکەدا ڕەچاو کراون یان نا؛ چونکە دەسەڵاتدارانی بەغدا دڵنیان لەوەی بێ ڕەزامەندیی لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، تێپەڕاندنی پڕۆژەکە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە سەقامگیریی سیاسیی ئێستای وڵات.